نوچەنێت: تایبەت
قایمقامی قەزای شنگال رایدەگەیەنێت، لە گوندەکانی دەوروبەری شنگال هەندێك شانەی نووستووی تیرۆرستی پەیدابوونە و دەشڵێت “تائێستا هیچ رێککەوتنێك نییە بۆ گەڕانەوەمان بۆ شنگال”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال لەبارەی دەنگۆی دروستبوونی شانەی تیرۆریستی لە و ناوچەکانی شنگال رایگەیاند “لە ناو سەنتەری قەزای شنگال هیچ مەترسیەکی لەو شێوەیە نییە، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی پێمان گەیشتووە، لەگوندەکانی دەوروبەری شنگال و سنوری نێوان سوریا و عێراق و دەشتی بەعاج، هەندێك شانەی نووستووی تیرۆرستی پەیدابوونە”.
قایمقامی قەزای شنگال ئاماژە بەوە دەکات، کە لەکاتی چونی گروپی تیرۆرستی داعش لەعێراقەوە بۆ سوریا ئەو شانە نووستوانە درووستبوونە و لە داهاتوودا دەبنە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە.