تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، عه‌بادی به‌بێ رێككه‌وتن موچه‌ی هه‌رێم نادات، ئه‌و لیسته‌ی داوای كردووه بۆ به‌راوردكردنیه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و لیستی موچه‌یه‌ی، كه له‌لای حكومه‌تی عێراق هه‌یه نه‌ك ناردنی موچه.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه حكومه‌تی عیراق له رێگه‌ی دروستكردنی لیژنه‌یه‌كه‌وه داوای لیستی موچه‌ی هه‌ریه‌كه له وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ بڕه پاره‌یه‌كی وه‌ك موچه نه‌ناردوه بۆ هه‌رێمی كوردستان.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د. ئه‌مین به‌كر، په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به داواكردنی لیستی موچه‌ی وەزارەتەکانی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی هه‌رێم، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه رایگه‌یاند: ئومێد ده‌كه‌م حه‌یده‌ر عه‌بادی ئازایه‌تی ئه‌وه‌ی تیدابێت موچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، به‌ڵام به بۆچونی خۆم ئه‌وه‌ی ئێستا، كه حه‌یده‌ر عه‌بادی داوای لیستی موچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، بۆ به‌راوردكردنیه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و لیسته‌ی لای حكومه‌تی عیراقی هه‌یه، بۆئه‌وه‌ی رێككه‌وتن کرا، لیسته پاكه‌كه‌ی له لابێت نه‌ك ناردنی موچه.
به‌بڕوای ئه‌مین به‌كر، حه‌یده‌ر عه‌بادی و حكومه‌تی عێراقی، به‌بێ رێككه‌وتن موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردسنان نانێرێت، پێویسته سه‌ره‌تا رێككه‌وتن بكرێت، ئه‌وكاته ئومێدی ناردنی موچه زیاتر ده‌بێت.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ناردنی موچه‌ی به‌نداوه‌كان په‌یوه‌ندی به ناردنی موچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه، چونكه به‌نداوه‌كان و ئاو بابه‌تێكی سیادییه و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی 400 فه‌رمانبه‌ره و ریژه‌یه‌كی كه‌مه. حكومه‌تی عیراق لای گرنگه كۆنتڕۆلی به‌نداوه‌كان له ده‌ستی خۆیدا بێت، بۆیه یه‌كسه‌ر موچه‌كەیانی نارد.