محەمەد عوسمان: سەرچاوەی کێشەکانی گوندی پەلکانە پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوكە

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەوڵی تەعریبکردنی گوندی پەلکانە و ناوچەکانی سەرگەڕان بە نوسراوی پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوك بووە، بەمەبەست ئەوەی کردووە.

یەکەمین هەوڵی تەعریبکردن لە گوندی پەلکانە درا. پەلکانە و ٤١ گوندەکەی دیکەی شارۆچکەی سەرگەڕان لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە عێراقییەکانن. ناوچەکە تەواو سەربازی کراوە و دانیشتووانی دەترسێن بۆ دووەمجار تەعریب و بۆ سێیەمجار ئاوارە بکرێنەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد عوسمان، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی هەوڵی تەعریبکردن لە گوندەکانی شارۆچکەی سەرگەڕان ریگەیاند “لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، ژمارەیەك عەرەب، کە قەرەبوویان وەرگرتبوو، جارێکی دیکە وەکو گێچەڵ و تەعریبکردنی ئەوناوچانە هاتوونەتەوە، ئێمەش حکومەتی عێراق و هەموو لایەکمان لێ ئاگادارکردەوە کەئەمە قابیلی قبوڵکردن نیە”.

محەمەد عوسمان روونیشی دەکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە هێزێکی عێراقی هاتووە و هەموولایەکی راسپاردووە، کە دەبێت ئەو بابەتە بەپێی دەستوور و یاسا یەکلایی بکرێتەوە، نەك بەپێی هێز؛ بۆیە دەبێت دادگای عێراقی ووردە وردە ئەو بابەتانە یەکلایی بکاتەوە.

هەروەها گوتی، سەرچاوەی هەموو کێشەکە پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوك بووە، چونکە ئەو نوسراوی کردووە بۆ قاعیدی عەمەلیاتی دیالە و گوتویەتی، کە”ئەو ناوچانە ناوچەی کێشەلەسەر نین”، بەپێچەوانەوە رۆحی کێشەکان ئەو ناوچانەیە، مەبەستیشی لە دەرکردنی ئەو نوسراوە تەنها تەعریب کردنی ئەو ناوچانەیە.    

ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەکێتی، داواش لە کوردانی ئەو ناوچانە دەکات، کەشوێنی خۆیان جێ نەهێڵن، کە شوێنی باو باپیرانیانە و بەهەڕەشەکردن نەترسن. گوتیشی”نەمان بیستووە کەس ئەو ناوچانەی چۆڵبکەن، ئەوەش جێ دەسخۆشیە، بۆیە ئێمە هەموومان لەپشتی ئەوانین و هاوکاریان دەبین، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەوان لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و بۆکەسی چوڵ نەکەن، تاوەکو بەپیی دەستوور چارەسەرێکی بۆ ئەدۆزینەوە”.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com