نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان سه‌باره‌ت به‌پڕۆژه‌یاساكه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان رایدەگەیەنێت، ئەو پڕۆژه‌یاسایە په‌یوه‌ندیی به‌یاسای شه‌ش وه‌زاره‌ته‌وه هه‌یه و كه‌سوكاری شه‌هیدان ناگرێته‌وه.
رۆژی شەممە ٣٠-١٢-٢٠١٧، پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) کە لە ٢٠ ماددە پێکهاتووە، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی پەسەندکرا، و ئاراستەی پەڕلەمانی کوردستان کراوە.
بەپێی ئەو یاسایە، خانەنشینی نایاسایی و بەخشینەوەی پلەو ناونیشانی نایاسایی بەخەڵکی ناشایستە ناھێڵدرێت و عەدالەت لەو بوارەدا پەیڕەو دەکرێت.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەنێت، بەپێی بڕیارەکە، کە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستانی لەسەرە، لە ٩٠ رۆژی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ دا دەبێت ئەو یاسایە بکەوێتە بواری جێبەجێبکردنەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فوئاد عوسمان، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، لە بارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی رایگەیاند “ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان، تایبه‌ت به‌كه‌سوكاری شه‌هیدان له په‌رله‌مانی كوردستانه، تایبه‌ت نییه به‌شه‌هیدان، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی به‌یاسای شه‌ش وه‌زاره‌ته‌وه هه‌یه”.
فوئاد عوسمان دەڵێت “وه‌زاره‌تەکەمان وه‌كو داكۆكیكار له‌ماف و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری شه‌هیدان، پاش دیراسه‌كردنی ئه‌و ماددانه‌ی، كه په‌یوه‌ندیان به‌مافه‌كانی كه‌سوكاری شه‌هیدانه‌وه هه‌یه، كه‌سوكاری شه‌هیدان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری موچه و ئیمتیازاتیان ناكرێت”.
ئەو گوته‌بێژە رونیشیكرده‌وه، کە هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی یاسای ژماره نۆی ماف و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ده‌بنه وارس، هه‌ر به‌وارس ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام بەگوتەی ئەو “له‌كاتی مردنی وارسدا كار به‌یاسای خانه‌نشینی فیدراڵی ده‌كرێت”.
ناوبراو ئاماژه به‌وه‌دەکات، وه‌ك وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی هه‌رێمیش پێشنیازیانكردوه، پێداچوونه‌وه به‌تۆماری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی‌دا بكرێته‌وە.