نوچەنێت-هەولیر
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، قوباد تالەبانی مافی ئەوەی نییە بەڕیوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بگۆڕیت.
غالب محەممەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە بەیاننامەیەکدا رۆژی هەینی ٢٩ی ئەم مانگە دەڵێ “لە کوردستان دوو سیستەمی حوکم هەن: یەکێکیان حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لە پەرلەمانەوە شەرعیەتی وەرگرتووە، دووەم حکومەتە خۆجیییەکانن، کە بەپێی یاسای ژمارەی ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ی ئەنجومەنی پارێزگاکان پێکهاتوون و یاساکەس پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە”.
غالب محەممەد دەڵێ حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی ساڵی ٢٠١٥ بەپێی ئەو یاسایەی پەرلەمانی کوردستان پێکهاتووە و ئەمانە دەگرێتەوە بەڕیوەبەرە گشتییەکان، قایمقامییەتەکان و بەڕیوەبەرایەتی ناحیەکان و بە وتەی ئەو “قوباد تاڵەبانی ئەو یاسایەی پێشێلکردووە و ئەنجومەنی پارێزگاش بێدەنگە”.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەروەها دەڵێ “بۆ پارێزگاری کردن لە مافی دانیشتووانی سلێمانی و گێڕانەوەی ئیعتیبار بۆ ئەو دەنگانەی شەرعیەتیان بە ئەنجومەنەکە بەخشیوە، هەفتەی داهاتوو سکالایەکی یاسایی لە دژی قوباد تاڵەبانی تۆمار دەکەم”.
رۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ئەم مانگە قوباد تالەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان، هەندێک گۆڕانکاریی ئیداریی لە سنوری پارێزگای سلێمانی راگەیاند و لەو چوارچێوەیدا دوو بەڕیوەبەری گشتی و هەندێک بەرپرسی ئیداریی دیکەی گۆڕی.