پەرلەمانتارێکی گۆڕان: لەهەوڵی بەردەوامداین بۆدروستکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، بزووتنەوەکەی لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن، نازانین تاچەند لایەنەکانی دیکە دێنە ناو ئەو بەرەیەوە.

لەماوەی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان، پڕۆژەیەکی دایە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەم حکومەتەی ئێستا هەڵبوەشێتەوە و حکومەتێکی کاتی دروستبکرێت، لەئێستاشدا لەدوای کشانەوەی لەحکومەت، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆدروستکردنی بەرەیەکی نوێی ئۆپۆزسیۆن.

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، ئەیوب عەبدوڵا ئیسماعیل ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند”بزوتنەوەی گۆڕان لە رێگەی خۆیەوە لەهەوڵی بەردەوامدایە، کە بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن دروستبکات، بۆئەوەی ئەو بەرەیە سەرپەرشتی کاری جەماوەری و رێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بکەن و ئاراستەی بکەن. دژی هەموو ئەو ناعەدالەتییانەی کە لەم وڵاتە هەیە بوەستنەوە، نەك بەو شێوەی کە چارەنوسی ئەم وڵاتە بدرێتە دەستی قەدەر”.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی گۆڕان ئاماژە بەوەدەکات، کە بزووتنەوەکەی بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوی خۆی ناوە، هەرلە هاتنەدەرەوەی لە کابینەی حکومەت و رەتکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانەوە، جانازانین تاچەند لایەنەکانی دیکە دێنە ناو ئەو بەرەیەوە.

گوتیشی”بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و لایەنەکانی تردا کۆبووەتەوە، هەروەها هەوڵیشی داوە لەگەڵ نەوەی نوێ و دکتۆربەرهەمشدا کۆببێتەوە، تائێستا کۆمەڵی ئیسلامی، وەڵامی داوینەتەوە و لەحکومەت هاتوونەتەدەرەوە”.

ئەیوب عەبدوڵڵا دەڵێت”دروستکردنی ئەو بەرەیە پێویستی بەرەزامەندی لایەنەکانیتر هەیە. ئەو بانگەوازەی کە گۆڕان کردویەتی تەنها بۆ چەند حیزبێك نییە، بەڵکو بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و دەکرێت  ئەو لایەنانەشی کە لەناو حکومەتدان، بەشداربن و ئەم حکومەتە هەڵبوەشێتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com