نوچەنێت
فەرماندەیەكی باڵای سەربازی یەكێتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە، ڕەخنەی توند لە ژمارەیەك لە هاوڕێیانی دەگرێت و ئاشكرای دەكات، پلانێك هەبووە بە ڕێکكەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی و حكومەتی عێراقی بۆ ئەوەی هاوشێوەی كەركوك، سلێمانی و هەولێر و دهۆك ڕادەست بكەن.
ئهمرۆ چوارشهمه ٢٧-١٢-٢٠١٧، جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی حەفتای یەكێتی، بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە” ئاڕاستە و گروپێك لەناو یەكێتیدا هەن، كە هەماهەنگ و ڕێكکەوتنیان لەگەڵ حكومەتی عیراقی و حەشدی شەعبی، هەیەو وەك چۆن كەركوكیان تەسلیم كردن، ئ دەیانەوێت سلێمانی و هەولێر و دهۆكیشیان ئاوا تەسلیم بكەن. تەنانەت ئەو توند و تیژییانەی خۆپیشاندانەكان ئەو گروپەبوون نەك خەڵك، چونكە بەوە ویستیان بیانوو بدەنە دەست سوپای عیراق و حەشدی شەعبی، تا بەناوی پاراستنی ئاسایش و خەڵكەوە بێنەوە سلێمانی و هەموو كوردستان”.
سەبارەت بە ئەو هێزەی لەناوچەكانی پارێزگای سلیَمانی بڵاوەیان پێكرا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا گوتی “هێزی باڵای كوردستان ئەو هێزەی كوردستانە، كە لەدوای خۆپیشاندانەكان و توندو تیژییەكان بەمەبەستی پاراستنی دامودەزگا و فەرمانگەكان و خۆپیشاندەرانی مەدەنیانە دابەزینە ناوشار و قەزا و شوێنەكان، ئەم هێزە پێشمەرگە و خۆپیشاندەری مەدەنی و دامودەزگاكانی حكومەت و خەڵك دەپارێزێت. ئێمە لەگەڵ داواكاری ڕەوای خەڵك و خۆپیشاندەری مەدەنیانەین”.
هاوکات دەڵێت”ئەو هێزە لەژێر فرمانی لیژنەی ئەمنی شوێنەكان بووە، ئیتر سەرۆكی لیژنەی ئەمنی پارێزگارە، یا قائیمقام یاخود بەڕێوەبەری ناحیە، ئێستا بەفەرمانی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا ئەو هێزە لەناو شار و شارۆچكەكان كشاونەتەوە . ئێمە لەگەڵ داواكاری ڕەوای خەڵك و خۆپیشاندەری مەدەنیانەین”.
ئەو فەرماندە سەربازیەی یەكێتی ئاشكرای دەكات، كە توندوتیژییەكانی خۆپیشاندانەكان پلانی پێشوەخت بووە”ئەم پیلانە خەڵكی ئاسایی نەبوو چونكە ئێمە دەزانین خەڵك وە ئەو گەنجانە گیرفانیان بەتاڵە و داواكارییان ڕەوایە وەخەڵكی ئاسایی ئەو مەرامەی نەبوو. دوو هەزار یا پێنج هەزار كەس، بەڵكو خەڵكی ئاسایی ناڕەزا سەدان هەزار كەسن، ئەگەر خەڵكی ئاسایی بونایە هیچ هێزێك نەیدەتوانی لەبەردەم هێزی خەڵك، خۆی ڕابگرێت”.
شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، بەشێك لەسەركردایەتی و خەڵكی یەكێتی تۆمەتباركرد كە ئەو پشێویەی ناو خۆپیشاندانەكانیان دروست كردووە بەناوی هاوڵاتی ناڕازییەوەو گوتی”لەناو یەكێتیدا ئاڕاستەیەك هەیە وە هەندێك لایەنی تریش، هەتا چەند وڵاتێكی هەرێمی دەرەوەش لەپشتیەوەن دەیانەوێت سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بهێننە سلێمانی و هەولێر و دهۆك، هاوشێوەی خیانەتەكەی كەركوك دووبارە بكەنەوە و سلێمانی و هەولێر و دهۆكیش، بخەنە ژێر دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عیراق”.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی خراپی دۆخەکەوە لە ئێستادا ناتوانێت ناوی ئەوکەسانە بڵێت”بەداخەوە ناتوانم ناوی ئەو كەسانەی ناو یەكێتی و وڵاتە دەرەكیەكەش بڵێم لەئێستادا، چونكە زۆركات دۆخی خراپ و پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی وادەكات، كە تا پلەی خیانەتیش بپۆشیت بۆ كەسانی تر، بەڵام وەك گوتم ئەوە خەڵكی ئاسایی نەبوو ئەو توندوتیژی و گێرەشێوێنیانەی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی و ناوچەكانی تر، ئەوە هەر ئەو كۆمەڵەی ناو یەكێتی بوون كەكەركوكیان لە(١٦)ی ئۆكتۆبەردا بەو دەردە گەیاند”.