نوچەنێت:تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، پێسنیاری وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکگرتوو نەکراوە، ئەگەر پێشنیاری لەو شێوەیەمان بۆبکرێت ئامادەنین وەری بگرین و رەتیدەکەینەوە.
رۆژی سێشهمه ٢٦-١٢-٢٠١٧، یوسف محەمەد، سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان، بەشێوەیەکی فەرمی دهست لهكاركێشانهوهی خۆی لهپۆستهكهی راگهیاند و نامهی دهستلهكاركیشانهوهكهی بۆ سهرۆكایهتی پهرلهمانی كوردستان دهنێرێت، بڕیارە لەدانیشتنی داهاتوودا دەست لەکار کێشانەوەکەی لەپەرلەمان پەسەندبکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، بەهزاد دەروێش سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی چۆنێتی پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند”بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پڕکردنەوەی ئەو پۆستە دەبێت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بێت لە پەرلەمان، ئەو هەڵبژاردنەش پێویستی بەڕێککەوتنی سیاسی هەیە”.
سەبارەت بەوەی تاچەند یەکگرتووی ئیسلامی، ئامادەیە ئەو پۆستە وەربگرێت، بەهزاد دەروێش گوتی”لە ماوەی رابردوودا پێشنیاری وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکگرتوو کراوە و رەتیکردووەتەوە، هەر چەندە لە ئێستادا پێشنیاری لەو شێوەیەمان بۆنەکراوە، بۆیە ئێستاش پێموایە یەکگرتوو، ئامادەنییە ئەو پۆستە وەربگرێت و رەتیدەکەینەوە”.
لە بارەی وەرگرتنی وەزارەتی نوێ لەحکومەتی هەرێم سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی دەڵێت”دانانی وەزیرێکی نوێ بۆ چەند مانگێک و دواتر خانەنشنکردنی بارێکی قورسە بۆ حکومەت، بۆیە هیچ وەزارەتێکی نوێ وەرناگرین بەم ئیستحقاقەی ئێستا دەمێنینەوە، ئەگەر حکومەت مەرجەکانی یەکگرتوو جێبەجێ بکات”.