نوچەنێت: روداو
“وەعدەكەی سەرۆكی حكومەت، بڕیاری ئێمەی لەبارەی كشانەوە لە حكومەت گۆڕی”. ئەمە قسەی ئەندامێكی سەركردایەكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە كە حیزبەكەی هەشت كاژێر گفتوگۆی كرد بۆ مانەوە یان كشانەوە لە حكومەت تا دواجار بڕیاریاندا لەو حكومەتەدا بمێننەوە. هاوكات سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونیش لە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت چاكسازی لە لیستی مووچەخۆراندا دەكرێ و بەوهۆیەوە 100 ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.
بەپێی زنیارییەكانی (رووداو)، ئەو بەرنامەیەی كە حكومەت دایناوە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، سەرووی 150 هەزار كەس دەگرێتەوە.
چ بەڵێنێك بە یەكگرتوو دراوە؟
رۆژی 23/12/2017 چاوەكان لەسەر كۆبوونەوەیەكی درێژی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی بوون تاوەكو بزانرێ كە ئاخۆ دوای كۆمەڵ و گۆڕان، یەكگرتووش لە حكومەت دەكشێتەوە یان نا.
هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەڤزیۆنی (رووداو)دا گوتی “53%ی قاعیدەی یەكگرتوو لەگەڵ ئەوە بوون لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكشێینەوە، 47%یش لەگەڵ مانەوە بوو، رای سەركردایەتی یەكگرتووش ئەوەبوو لەو قۆناغەدا بمێنینەوە، بڕیارەكەش هەر وا بوو”.
موسەنا ئەمین، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو كە بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردبوو، لە بارەی ئەو بڕیارەی حیزبەكەی بە (رووداو)ی گوت: “ئەو بەڵێنانەی سەرۆكی حكومەت بە وەزیرەكانی یەكگرتووی دا لەبارەی چاكسازی لە لیستی مووچەخۆران كە گرنگترین هەنگاوە، بێ كاریگەری نەبوو. ئەم هەنگاوەی حكومەت دادپەروەری دەگەڕێنێتەوە”.
حاجی كاروان، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو روونتر باسی ئەو نیازەی سەرۆكی حكومەت دەكات بۆ پاكسازی لە لیستی مووچەخۆراندا و دەڵێت ” بەڵێنی سەرۆكی حكومەت بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە مەسەلەی مووچەدا، كاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی یەكگرتوو لە حكومەت نەكشێتەوە”.
حاجی كاروان، باسی پڕۆژەی حیزبەكەی بۆ زیادكردنی داهاتی حكومەت دەكات و دەڵێت: “یەكگرتوو پڕۆژەی پێشكەشی حكومەت كردووە، هەرێمی كوردستان مانگانە 650 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبێت”. بۆیە وەك حاجی كاروان دەڵێت “لە نێو حكومەتدا بی شەڕەكە بكەی باشترە، لەوەی لە دەرەوەی حكومەت شەڕ بكەی”.
ئەم قسەیەی پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر رووی لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بوو كە لە 20/12/2017 بڕیاری كشانەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دا.
حاجی كاروان پێیوایە ئێستا كاتی ئەو بڕیارە نییە، چونكە مەترسییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان یەكجار گەورەن “دۆخی ئابووریی كوردستان لە مەترسیدایە و حكومەتی عێراق ئێستا چاوی لەوەیە دەست بەسەر خورمەڵە و دەوروبەریدا بگرێ، بەمەش قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بەر مەترسی”.
چاكسازییەكانی حكومەت لە مووچەدا چین؟
نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە 20/12/2017 دوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا رایگەیاند كە پڕۆژەیەكیان بۆ چاكسازی لە لیستی مووچەخۆراندا هەیە و رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی دەكەن.
نووری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران هەندێك ئاماری قەبە لە لیستی مووچەخۆراندا ئاشكرا دەكات كە ئەگەر چاكسازی تێدا بكرێ، پارەیەكی زۆر بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە.
نووری عوسمان بە (رووداو)ی گوت: “68 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان دوو مووچە و سێ مووچە و چوار مووچەیان هەیە، ئەوانە سەرپشك دەكرێن یەكێك لە مووچەكانیان هەڵبژێرن، ناكرێ وارس مووچەی زیندانی سیاسی، یان خانەنشینی وەربگرێ و خۆیشی مووچەی هەبێ”.
نووری عوسمان بەشێك لە پلانی حكومەت بۆ چاكسازی لە لیستی مووچەخۆراندا ئاشكرا دەكات و دەڵێت: “حكومەت بڕیاری داوە خانەنشینی بێ خزمەت نەهێڵێ و پێداچوونەوەی بۆ دەكات، هەموویان هەڵدەوەشێنێتەوە. هەروەها ئەوانەی بەڕێوەبەری گشتین و پلەیان بریكاری وەزیرە، یان بریكاری وەزیرە و پلەی وەزیری هەیە، هەمووی راستدەكرێتەوە. حكومەت خانەنشینی ناقانونی هەڵدەوەشێنێتەوە، هەیە لەیەك رۆژدا دامەزراوە و خانەنشین كراوە”.
وەك (رووداو) زانیویەتی، پێدانی دەرماڵە لە هەرێمی كوردستان بۆ فەرمانبەران، لە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەر زیاترە، فەرمانبەر ئەو پارەیەی مانگانە وەریدەگرێ 47%ی مووچەی بنەڕەتییە و 53%ی دەرماڵەیە. لە پێدانی دەرماڵەشدا وەك نووری عوسمان باسی دەكات “نادادپەروەرییەكی زۆر هەیە، بۆیە حكومەت پێداچوونەوەی ورد لە دەرماڵەكاندا دەكات، بۆ نموونە مامۆستا 150 هەزار دینار دەرماڵەی هەیە، كەچی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەش ئەو دەرماڵەیە وەردەگرن.
مامۆستایان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا 100% دەرماڵەیان هەیە، هەموو فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتە بە چایچی و شوفێرەوە ئەو دەرماڵەیە وەردەگرن. لە وەزارەتی كارەبا ئەو كرێكارەی كاری كارەبا دەكات دەرماڵەی مەترسی هەیە، كەچی ژمێریاری ئەو وەزارەتەش دەرماڵەی مەترسی وەردەگرێ”.
نووری عوسمان ئەو بڕە پارەیە ئاشكرا دەكات كە بەهۆی چاكسازییەوە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت “دوای وردبینی لە مووچەی كەمئەندامان، 20 ملیار دینار بۆ حكومەت گەڕایەوە كە پێشتر 27 ملیار دینار بوو. بەگشتی حكومەت پلانی هەیە زیاتر لە 100 ملیار دیناری لە راستكردنەوەی لیستی مووچەخۆراندا بۆ بگەڕێتەوە”.
پەرلەمانتار بێ مەرج خانەنشین ناكرێن
فرسەت سۆفی، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی چاكسازییەكان دەڵێ، ئێستا فرسەتە، چونكە دۆخەكە لەبارە و “دەبێ چاكی بكەینەوە”.
یەكێك لەو مەلەفانەی حكومەت دەیەوێ دەستی بۆ ببات. خانەنشینی پەرلەمانتارانە كە دوای چوار ساڵ پەرلەمانتاری بە 80%ی مووچەكەیان خانەنشین دەبن و نزیكەی شەش ملیۆن دینار وەردەگرن، بەپێی پڕۆژەكەی حكومەت بێ، ئەو سەردەمە بەسەردەچێ. سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیران بە (رووداو)ی گوت: “خانەنشینی پەرلەمانتاران چارەسەر دەكرێ، هەر پەرلەمانتارێك تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر نەبێ و 15 ساڵ خزمەتی نەبێ، خانەنشین ناكرێ”.