نوچەنێت
سه‌رۆككۆماری عێراق، په‌یامێكی هۆشداری ئاراسته‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دەکات و رایدەگەیەنێت، ره‌تكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كورد، باجه‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌یە و تۆ ناتوانێت به‌م شێوه‌یه قه‌واره‌ی كورد هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
فوئاد مەعسوم سەرۆککۆماری عیراق، لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا دەڵێت، له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر به‌غدا به‌رده‌وامه، له‌و پێناوه‌شدا دوو نامه‌ی جیاوازی ئاراسته‌ی هه‌ر‌یه‌ك له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامی وه‌رنه‌گرتووه.
سه‌باره‌ت به ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، سەرۆککۆماری عیراق گوتی، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له به‌غدا له دژی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ن، به‌ڵام دوای بڕیاری دادگای عێراق، له‌ئێستادا هه‌موویان داوای ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ ده‌كه‌ن و ته‌نیا لایه‌نێكیش نییه، كه دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ره‌ت بكاته‌وه.
هاوکات هۆشداری دەداتە عەبادی و دەڵێت، باجی ره‌تكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كورد زۆر گه‌وره ده‌بێت و له كۆتاییدا به‌هۆی فشاره ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، عه‌بادی ناتوانێت له ده‌رئه‌نجامه‌كانی رابكات و توانای ئه‌وه‌ی نییه قه‌واره‌ی كوردستان له‌ناو ببات.