نوچەنێت: روداو
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سیاسەتی برسیکردنی کورد وەکو ماددەیەکی هەڵبژاردن لەلایەن عەبادییەوە کارێکی “ناسیاسی و نائەخلاقییە”. دەشڵێت بەغدا دەیەوێ قەیرانەکانی کوردستان قوڵتر ببنەوە و شەڕ دروستبێت.
لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی رووداو، د. موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی هۆکاری سەرنەگرتنی هەوڵەکان بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند: “ئەوان هەردەم ئەو قەوانە شکاوە لێدەدەنەوە، کە گفتوگۆ لەگەڵ کورد ناکەن بەهۆی ئەوەی دەستووری پێشێلکردووە، کەچی خۆیان بە دەیان ماددەی دەستووریان پێشێلکردووە”.
“سووتاندنی ماڵی خەڵک جێبەجێکردنی دەستوورە؟”
موسەننا ئەمین دەپرسێت “ئایا سووتاندنی ماڵی خەڵک و دەربەدەرکردنی دەیان هەزار خەڵک پێیدەگوترێت جێبەجێکردنی دەستوور؟ ئایا بەکارهێنانی هێزی میلیشیا و هێزی سەربازی فەرمی بە چەکی دەوڵەت بۆ ئازاردان و دەربەدەرکردنی خەڵک پێیدەگوترێت جێبەجێکردنی دەستوور؟”.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەنجامی گشتپرسی هەڵوەشاوەتەوە و یاسایی نییە، بەڵام باسی گشتپرسی نەکردووە، ئەنجامی گشتپرسیش واتە راگەیاندنی دەوڵەت کە کورد نەیکردووە، “بۆیە پێویست ناکات چیدیکە ئەو قەوانە شکاوە لەلایەن بەغداوە لێبدرێتەوە”.
“بە قورئان سوێند بخۆین”
موسەننا ئەمین دەپرسێت “پێویستە ئێمە چی بکەین، دەست بنێین بە قورئان کە بڕوامان بە یەکپارچەیی خاکی عێراق هەیە؟ ئەوەی بڕوای بە خودای تاک و تەنها نییە رێزی لێدەگیرێت وەکو مرۆڤێک ئازادە و بیروباوەڕی خۆیەتی، ئەوەی باوەڕی بە عێراقی یەکپارچە نییە ئایا دەبێت تۆمەتی بۆ دروستبکرێت هەمیشە وەکو نانیشتمانی و خائین سەیربکرێت؟”.
“عەقڵیەتی رق و شەڕفرۆشی”
موسەننا ئەمین رایدەگەیەنێت “ئەم ئەقڵیەتە رزیوە نادیموکراسییە ناتوانێت وڵاتێک بەڕێوەبەرێت، ئەوە عەقڵیەتی رق و شەڕفرۆشییە، لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە نەوتی کەرکووک کە 300 هەزار بەرمیلی کە بەشێکە لە بودجەی کوردستان بە دەقی یاسای موازەنەی ساڵانی رابردوو، لە مانگێکدا ئەو بڕە یەکسانە بە زیاتر لە 400 تاوەکو 450 ملیۆن دۆلار، یەک فلسی نەناردووە بۆ هەرێم بۆ ئەوەی بژێوی و مووچەی خەڵکی پێ چارەسەر بکات”
بەگوتەی موسەننا ئەمین نەناردنی مووچە و بودجەی کوردستان لەلایەن بەغداوە بۆ ئەوەیە “قەیرانەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان قووڵتر ببنەوە، خەڵک لێرە بە فیشەک و چەک بەرببنە یەکدی و شۆڕشی برسییەکان دروستبێت، هەرچی دەستکەوتەکانی ئێمەیە لەبەینی ببات و شەڕی ناوخۆش دروستبکات”.
موسەننا ئەمین دەڵێ، بەغدا مووچە فەرمانبەر و پارەی جووتیارانی کوردستان و نەوتی سپی کردووە بە چەکێکی سیاسی و دژی کورد بەکاریدەهێنێت، “ئەوەش بەرگری نییە ئەگەر هەندێک خەڵکی ناحاڵی لەوە تێبگەن من بەرگری لە حکومەتی هەرێم و گەندەڵییەکانی دەکەم، بەڵام نابێت کوێربین و راستییەکان وەکو خۆی نەبینین، نابێت ببین بە داردەستەی دەرەوە دژ بە خەڵکی خۆمان، نابێت عەبادی ئێمە و قووتی ئێمە برسییەتی ئێمە بکاتە ماددەی هەڵبژاردنی خۆی و خۆی بە پاڵەوان پیشانبدات بەسەر کورد، ئەمە کارێکی ناسیاسی و نائەخلاقییە و نابێت پشتیوانی لێبکەین”.
لەبارەی رێگەچارەکانی بەردەم کورد، موسەننا ئەمین، دەڵێت “ئەگەر کورد بزانێت یارییەکی سیاسی زیرەکانە بکات، دەتوانێت بە یەکڕیزی ناوخۆیی و بە گفتوگۆیەکی جددی، بە چارەسەرکردنی کێشەی شەرعیەتی حکومەت کە دەمێکە دروستبووە، دەتوانێت گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ سیاسییەکانی بەغدا بکات، بە بڕوای من دەتوانێت ئەگەر هەوڵی زیرەکانەی جددی بدات یان ئەم سەرۆکوەزیرانە ژێربار بکات بۆ مەرجەکانی خۆی، یاخود بەدیلێکی بۆ بدۆزێتەوە و دەنگ بە بەدیلێکی دیکە بدات، کە بێگومان دەنگی کورد تاوەکو ئاستێکی زۆر یەکلاکەرەوەیە، بە تایبەتیش ئەگەر ئێمە هاوپەیمانییەک لەگەڵ برادەرانی سوننە دروستبکەین، کە ئێستا لە کێشەی بودجە هاوڕاین و پێکەوە بایکۆتی دانیشتنەکانمان کرد”.