پەرلەمانتارێک: بەغدا بەهۆی کێشە سیاسییەکانەوە ناتوانێت بڕیاری دانوستان لەگەڵ هەرێم بدات

0

نوچەنێت: تایبەت 

ئەندام پەرلەمانێکی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێکهێنانی شاندی پەرلەمان بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای لایەنی سیاسی دیاری نەکراوە و گوتیشی “ئەوان بەهۆی کێشە سیاسییەکانەوە، ناتوانن بڕیاری دانوستان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بدەن”.

رۆژی چوارشەممە ١٣-١٢-٢٠١٧ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە، بۆ تاووتوێکردنی دۆخی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیایدا لەسەر داوای پەرلەمانتاران بڕیاری پێكهێنانی شاندێکی پەرلەمانی درا بۆ ئەوە سەردانی بەغدا بکات، بە مەبەستی دانوستاندن.   

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، خەڵەف ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دروستکردنی ئەو شاندەی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە سەردانی بەغدا بکات رایگەیاند “پێکهێنانی ئەوشاندە لەسەر بنەمای لایەنی سیاسی دیاری نەکراوە، بەڵکو لەسەر بنەمایی لیژنەکانی سامانە سرووشتییەکان، دارایی و یاسایی لە پەرلەمان دیاریکراوە، بۆیە لیژنەکان نوێنەری هەر لایەنێکی سیاسی تیابێت، نابێتە کێشە و تیایدا بەشدار دەبێت”.   

خەڵەف ئەحمەد ئاماژەی بۆئەوەشکرد، هەر چەندە تاکو ئێستا بەناو دیاری نەکراوە کەکێ لە شاندەکە دایە، بەڵام لە سەر ئەوە رێککەوتووین ئەو کەسانە بن، کە تایبەتمەندن بەو لیژنانەوە.

ئەو ئەندام پەرلەمانی یەکێتی دەشڵێت “کێشە پێکهێنانی شاندەکە نییە، چونکە ئەوە کارێکی ئاسانە و بەیەك رۆژ دەتوانرێت دیاری بکرێت، کێشەکە ئەوەیە ئەوان بەهۆی کێشە سیاسییەکانەوە، ناتوانن بڕیاری دانوستان بدەن لەگەڵ هەرێم و پێشوازی لە وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com