نوچەنێت
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریکردنی عێراق، ناسراو بە یۆنامی ئەنجامی بەدواداچوونەکانی بۆ خورماتوو بڵاوکردەوە و ئاماژە بەو کاولکارییانە دەکات، کە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لەو شارە ئەنجامدراون.
لە راگەیێندراوەکەی یۆنامیدا هاتووە، تیمەکانیان لەو شارە فرە ئیتنی و ئایینییە، چەندین خانوو و شوێنی کارکردنی رووخاویان بینیوە، ئەوەش دوابەدوای گواستنەوەی دەسەڵاتی ئەمنیی لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا.
ئەنجامی بەدواداچوونەکانی یۆنامی
هەزار و 440 خانەوادە ئاوارەن
40 خانوو لە دوو گەڕەکی کوردی وێرانکراون
سووتاندن و زیانگەیاندن بە 100 فرۆشگا
ئەنجامدانی تاڵانیێکی زۆر
هەندێک کار بە مەبەست ئەنجامدراون
دەکرێت قەبارەی تاڵان و زیانەکە گەورەتر بێت
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دەستپێکی تووندوتیژییەکانەوە لە تشرینی یەکەمدا، یۆنامی ژمارەیەک تۆمەتی تایبەت بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و دوو تۆمەتی تووندوتیژی سێکسی بەدەستگەیشتووە و تاوەکو ئێستاش لێکۆڵینەوە لەم حاڵەتانە دەکرێت.
یۆنامی باس لەوە دەکات، تیمەکانی چەندین تۆمەتی تایبەت بەوێرانکردنی ماڵ و موڵکی بەدەستگەیشتووە، کە لە رۆژانی 16 و 17ی تشرینی یەکەم وێرانکراون و لێکۆڵینەوەی لە زۆربەیشیان کردووە.
چەند سەرچاوەیەک و شایەتحاڵێکیش دەڵێن، خەڵکی سڤیل و ئەندامانی گرووپە چەکدارە تورکمانییەکان ئەو کارانەیان ئەنجامداون و خەڵکیان ترساندوون و هەر بەو هۆیەوەش خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون. بەڵام تاوەکو ئێستاش ناسنامەی ئەنجامدەرانی ئەم کارانە بە نەزانراوی ماوەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ژمارەیەکی زۆر لە سکاڵاکار و زانیاری لێوەرگیراوەکان دەڵێن، تاڵانیێکی زۆر لە شارەکەدا کراوە و ئەوەش زیاتر لە سەر شێوەیەکی هەڕەمەکی بووە، بەڵام زیانی گەورەتر بەشێوەی مەبەست بووە، لەوانەش لەسەر بنچینەی سیاسی یان ئەمنی.
یۆنامی تیشکدەخاتە سەر ژمارەی ئاوارەکانی خورماتوو و دەڵێت، بە گوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران، ئێستا هەزار و 440 خانەوادە کە لە هەشت هەزار و 649 کەس پێکدێن ئاوارەن و ئەوانیش ترسیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان.
یۆنامی دەڵێت، تیمەکانی لە رۆژانی 7 و 14ـی ئەم مانگەدا سەردانی خورماتوویان کرد بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە و دواتریش لە رێگای مانگی دەستکردەوە شیکاری بۆ گەڕەکە کوردییەکانی کۆماری و جەمیلە کرد.
وێنەی مانگە دەستکردەکان دەریانخست، بەلایەنی کەمەوە 29 خانوو و باڵەخانە لە کۆماری و 11ـی دیکەش لە جەمیلە وێرانکراون.
تیمەکان لە کاتی سەردانەکانیشدا بینیان کە نزیکەی 100 فرۆشگا لە سەر رێگای سەرەکی بازاڕی کۆماری سووتێنراون یان زیانی گەورەیان پێگەیشتووە. هەروەها، پێنج خانوو لە جەمیلە و خانوویێکی دیکەش لە کۆماری وێرانکراون.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تیمەکان نەیانتوانی بچنە ناو خانوو و باڵەخانەکانەوە هەربۆیەش بەدوور نازانرێت ژمارەی خانووە وێرانکراو و تاڵانکراوەکان زیاتر بێت.
هەروەها، تیمەکەی یۆنامی نووسینی سەر دیوارەکانی ماڵە تورکمانەکانی بەدیکرد، ئەوەش بۆئەوەی لە تاڵانکردن و کاولکاری بەدووربن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، یۆنامی چەندینجار نیگەرانی دەربارەی بارودۆخی خەڵکی سڤیل لە خورماتوو و وێرانکاری موڵکی خەڵکی نیشانداوە و ئێستاش داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکات هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و یارمەتیدان بۆ گەڕاندنەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بەسزاگەیاندنی ئەو کەسانەش ئەو پێشێلکاریانەیان لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئەنجامداوە.