یەکگرتوو بە مەرج لە حکومەت دەمێنێتەوە

0

نوچەنێت

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی بڕیاری کۆتایی لەبارەی کشانەوە یان مانەوەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند و بڕیاریان مانەوەیە لە حکومەتدا، بەڵام بە کۆمەڵێک مەرج و مۆڵەتێکیش دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەم بڕیارەی یەکگرتووی ئیسلامی لە کاتێکدایە، کە بەگوێرەی زانیارییەکان حکومەتی عێراق چاوەڕێی ئەوەبوو، کە یەکگرتوو بڕیاری کشانەوە لە حکومەت بدات، بۆئەوەی حکومەتی عێراق بڵێ حکومەتی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی نەماوە.

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەسەرپەرشتی ئەمینداری حزبەکە، کە رۆژی شەممە 23-12-2017 بەڕێوەچوو،

گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەمڕۆ (یەکشەممە ٢٤-١٢-٢٠١٧) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوا بڕیاری یەکگرتووی لەبارەی “کشانەوە یان مانەوە” لە حکومەت ئاشکرا کرد و رایگەیاند “یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە حکومەتدا دەمێنێتەوە، بەڵام بە کۆمەڵێک مەرج، یەکگرتووی ئیسلامی کۆمەڵێک داواکاری هەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو داوایانە لە ماوەیەکی دیاریکراو تاوەکو ١٥-١-٢٠١٨ جێبەجێ بکرێت، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە حکومەتدا دەمێنێتەوە بەپێچەوانەوە دوای ئەو ماوەیە بڕیاری خۆی دەدات”.

بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی:

بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 23 و 24-12-2017 ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی و بە سەرپەرشتی بەڕێز مامۆستا سەعید عەلی عەبۆ، سەرۆکی ئەنجوومەن و ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامان و بەرپرسی مەڵبەندەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی گرێدا، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و قەیرانی دارایی و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە گشتی و باری ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و مووچەخۆران، نیگەرانی ناڕەزایەتییەکانی شەقامی بە تایبەتی تاووتوێکرد، هەروەک ئەرک و بەرپرسیاریێتی حکومەتی لەوبارەوە خستە بەرباس و گفتوگۆ و دیدو هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی لەسەر ئەم پرسە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا خستەڕوو:

 
1. کۆبوونەوە داوا دەکات لیژنەیەک لە پەرلەمانی کوردستان پێکبهێندرێت بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو لە شاروشارۆچکەکانی کوردستان، کە بەداخەوە رەوتی مەدەنی و ئاشتیانەی ناڕەزایەتییەکان بەلاڕێدا براوە و چەندین رووداو و کارەساتی نەخوازراو و دڵتەزێنی لێکەوتەوە، ئەم لیژنەیە کاری جددی بکات بۆ ئازادکردنی بەپەلەی دەستگیرکراوە بێتاوانەکان و ئاشکراکردنی ئەو دەست و کەسانەی ئاڕاستەی خۆپیشاندەرەکانی بەرەو تووندوتیژی لێپێچینەوە بەپێی یاسا و لەلایەن دادگاوە لەگەڵ بکرێت ، هەروەک کۆبوونەوە داوا دەکات حکومەت بە خێرایی وەڵامی داوا رەواکانی خۆپیشاندەران بداتەوە بە دابینکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا و باشکردنی باری بژێوی و خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی گشتی.

هەر لەو میانەدا کۆبوونەوە داوا دەکات حاڵەتی بە سەربازیکردنی شارەکان کۆتایی پێبهێندرێت، چونکە رێگاچارەی ئەمنی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و، هەروەک هەرجۆرە بێدەنگکردنێکی میدیای ئازادی لە دەرەوەی یاسا رەتکردەوە.

2. سەبارەت بە هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پرسی کشانەوەی لە حکومەت، کۆبوونەوە بە پێویستی زانی لەوبارەیەوە یەکگرتوو هەڵوێست لە بەرژەوەندی باشکردنی بژێوی هاووڵاتیان وەربگرێ و بیبەستێتەوە بەو مەسەلەیەوە، بۆیە بڕیاریدا سەقفێکی زەمەنی دیاریکراو تاوەکو 15-1-2018 وەک مۆڵەتێک بدات بە حکومەت و لەو ماوەیەشدا شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان یاداشتنامەیەک لەبارەی داوخوازییەکانی خەڵک و هاووڵاتیان بدات بە حکومەت و داوای لێبکات کە بە زووترین کات بڕیاری جددی بۆ جێبەجێ کردنیان وەربگرێت، لە حاڵەتی بەدەمەوە نەهاتنی حکومەت لەو بارەیەوەو دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات.

هەر بەو بۆنەیەوە کۆبوونەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادەو کەسوکاری قوربانیانی خۆپیشاندەرەکانی چەند رۆژی رابردوو دەکات و دوعای شیفا چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان لە خودای گەورە دەخوازێت.

لە کۆتاییدا کۆبوونەوە شەونخونی و ماندوبوون و هەڵسوکەوتی مەدەنیانەو ئاشتیخوازانە و خۆڕاگری رێکخستنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی لە بەرامبەر پەلامار و هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی یەکگرتووی بەرز نرخاند و هیوای خواست ئەم رەفتار و رەوشتە بەرزەی رێکخستنەکانی یەکگرتوو ببێتە کولتووری کۆمەڵگەی کوردستانی و نەریتی نەخوازراوی تووندوتیژی و هەڵکوتانەسەر بارەگا حیزبییەکان و دامودەزگا گشتییەکان کۆتایی پێبهێندرێت.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
24-12-2017

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com