ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای چاكسازی لە وەزیفەی گشتی و موچە و خانەنشینی پەسەند دەکات

0

نوچەنێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پرۆژە یاسای چاكسازی لە وەزیفەی گشتی، موچە و خانەنشینی پەسەند كرد و گفتوگۆش لەبارەی رێكخسته‌وه‌ی موچەی هێزەكانی ئاسایش، ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە کراوە.

رۆژی پێنج شەممە 21-12-2017، بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز كرد.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاكسازی و رێكخستنەوەی كەرتی وەزیفەی گشتی، خانەنشینی، موچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و لەلایەن د. ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ناوەڕۆك و وردەكاری پرۆژە یاساكە شیكرایەوە و دوای پێشكەشكردنی چەند تێبینی و سەرنجێك لەلایەن ئامادەبووانەوە، ئەنجومەنی وەزیران پرۆژە یاساكەی پەسەند كرد.

ئەم پرۆژە یاسایە لە دوا كۆبوونەوەی هاوبەشی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بنەما سەرەكییەكانی خرانەڕوو بە ئاراستەی رێكخستنەوەی كەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی لە سەرجەم كەرتەكانی شارستانی و سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ.

سەبارەت رێكخستنه‌وه‌ی موچەی هێزەكانی ئاسایش، ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە راسپاردنی ئەو لیژنە وەزارییەی كە كار لەسەر ئەم بابەتە دەكات، لەسەر كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بن تاوەکو بگات بە ئەنجامێك كە كاریگه‌ریی زۆری نه‌بێت له‌سه‌ر ژیان و بژێوی ئه‌و هێزانه به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی كه خۆیان موچه‌كانیان كه‌مه.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی رۆڵی ئەو هێزانەی لە شەڕی داعشدا کردووە و دەڵێت “ئه‌م هێزانه رۆڵیان له تێكشاندنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و به‌رگریكرن و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هاونیشتمانیانی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش به هه‌ندی وه‌رده‌گرێ و به‌رزی ده‌نرخێنێت”.

نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران: 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/12/2017 بە سەرپەرشتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز كرد.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئەنجوومەنی وەزیران بەخێرهاتنەوەی بەڕێز رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ سەر كارەكەی و ئەم هەنگاوەی بەڕێزیان لەو رەوشە سەختەی ئێستای هەرێمی كوردستاندا لە خەمخۆرییان بۆ تێپەڕاندنی رەوشی ئەمڕۆی كوردستان لێكدرایەوە و بەرز نرخێنرا، و لە بەرامبەردا بەڕێزیان سوپاسی ئەنجوومەنی وەزیرانی كرد و جەختی كردەوە لەسەر بەردەوامبوون و تەواوكردنی نەخشەڕێگای حكومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاكسازی لە بواری دارایی گشتی كە پێشتر دەستیپێكردووە لە پێناوی تێپەڕاندنی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و دابینكردنی مووچەی شایستە بۆ مووچەخۆران لە ساڵی 2018ـدا و ئه‌مه‌ش لە پێشینەی كارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران سوپاس و دەستخۆشی لە بەڕێز رابەر سەدیق، بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە وەكالەت كرد كە لە ماوەی رابردوودا توانیویەتی بە شێوەیەكی سەركەوتووانە كارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوە ببات و هەوڵ و ماندووبوونەكانی بەرز ‌نرخێنرا.

له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌و رووداوه نه‌خوازراوانه كرا كه له چه‌ند رۆژی رابردوودا روویاندا، له‌مباره‌یه‌وه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دووپاتیكرده‌وه كه داواكارییه‌كانی خه‌ڵك ره‌وان و خۆپیشاندانیش مافێكی ره‌وای هه‌موو هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن ده‌خوازن خۆپیشاندانه‌كان و داوای خه‌ڵك به‌لاڕێدا به‌رن و بۆ مه‌رامی تایبه‌تیی خۆیان بقۆزنه‌وه و هه‌ر به‌هۆیه‌وه چه‌ندین ده‌زگای حكومه‌ت و باره‌گای حیزبی سووتێنران. 

ئه‌نجوومه‌نی وەزیران سه‌ره‌خۆشی له كەسوكاری قوربانیانی ئه‌و رووداوانه‌ی كرد و هیوای چاكبوونه‌وه‌ی بۆ برینداران خواست و داوای له هاوڵاتیان كرد له خۆپیشانداندا زیاتر چاوكراوه بن و رێگه نه‌ده‌ن هیچ كه‌سێك توندووتیژی به‌كاربهێنێت، چونكه ده‌زگا حكومییه‌كان ده‌زگای گشتین و پاراستنیشیان ئه‌ركێكی گشتی یه و به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه داوای مافه‌كانی خۆیان بكه‌ن و هێزه‌كانی ئه‌منیش به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی گیانی خۆپیشانده‌ران بپارێزن.

دواتر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پوختەیەكی دەربارەی سەردانی فەرمیی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ ئەڵمانیا و كۆبوونەوە و دیدارەكانیان لەگەڵ خاتوو ئەنگێلا مێركل، راوێژكاری ئەڵمانیا و بەڕێزان وەزیرانی دەرەوە، كە جێگری سەرۆكوەزیرانیشە، و وەزیری بەرگری و لیژنەكانی پەیوەندییه‌كانی ده‌ره‌وه و بەرگریی پەرلەمانی ئەڵمانیا پێشكەش كرد كە تیایادا چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و بە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ و یەكڕیزی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی هەرێم، جەختی لەسەر كرانەوە.

دووپاتیشی كردەوە كە ئەڵمانیا و فەرەنسا پشتگیری لە هەرێمێكی بەهێز لە كوردستانی عێراق دەكەن و ئەو سیاسەتەی عێراقیان قبوڵ نییە كە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنێت و بەو مەرجە هاوكاریی عێراق دەكەن كە كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات لە چوارچێوەی دەستووردا. هەروەها ئاشكرای كرد كە ئەوان لە هاوكاریكردنی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبن.

ئەنجوومەنی وەزیران سەردانەكەی شاندی باڵای هەرێمی كوردستانی بۆ ئەڵمانیا بە سەركەوتوو و بەرهەمدار وەسف كرد.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران پاراستنی یەكڕیزی و یەكدەنگی لە هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنیشی بە تاكە چارەسەری كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان زانی.

سەبارەت بە ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له هه‌ردوو فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كه دوێنێ له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بڵاوكرایه‌وه، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری دا كه له چوارچێوه‌ی رێكاره یاساییه‌كانی هاتوو له یاسای ئه‌نجوومه‌نی وهزیرانی هه‌رێمی كوردستان ژماره 3ی ساڵی 1992 مامه‌ڵه بكرێت تا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان چوارچێوه‌ی یاسایی وه‌رده‌گرێت، له‌سه‌ر راییكردنی كاروباری هاووڵاتیان به‌رده‌وام بن، بە پێویستیش زانرا بەر لە بڕیاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه، له چوارچێوه‌ی یاسای ئەنجوومەنی وەزیراندا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه كردبا.

لە بەشێكی دیكەی كارنامەی كۆبوونەوەكەدا رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاكسازی و رێكخستنەوەی كەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و لەلایەن بەڕێز د. ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە ناوەرۆك و ووردەكاری پڕۆژە یاساكە بۆ ئامادەبووان شیكرایەوە، كە ئەم پڕۆژە یاسایە لە دوا كۆبوونەوەی هاوبەشی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بنەما سەرەكییەكانی خرانەڕوو بە ئاڕاستەی رێكخستنەوەی كەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی لە سەرجەم كەرتەكانی شارستانی و سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، و هەروەها تەرخانكراوەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی، و بەرپاكردنی دادپەروەری و یەكسانی لە خەرجكردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییە گشتییەكانی تر، و بەرگرتن لە سوودوەرگرتنی ناڕەوا و ناقانونی لە تەرخانكراوەكانی بودجەی گشتی، و لە پێناوی زامنكردنی مووچەی مووچەخۆر و خانەنشین و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و كەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان و سوودمەندانی تری شایستەی چاودێری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی چیتر مووچەخۆری راستەقینەی شایستە، نەبێتە قوربانی خەڵكانی ناشایستە.

دوای پێشكەشكردنی چەند تێبینی و سەرنجێك لەلایەن ئامادەبووانەوە، ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژە یاساكەی پەسەند كرد و دەستخۆشی لە ئامادەكارانی پرۆژە یاساكە كرد لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و هەندێك لە لیژنەكانی پەرلەمان و دامەزراوەكانی چاودێری دارایی و دەسپاكی و داواكاری گشتی و ئەنجوومەنی شوورا و بڕیار درا پرۆژە یاساكە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی و هەرچی زوو كەوتنەبواری جێبەجێكردنەوە كە كاریگەری بەرچاوی دەبێت لە كەمكردنەوەی خەرجی گشتی و بەرجەستەكردنی دادپەروەری لە بواری ئەرك و مافی مووچەخۆرانەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تیمی شارەزایانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی خرایەڕوو بۆ دەستەبەركردنی بەشە بودجەی شایستەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران ئەم هەوڵانەی بەرز نرخاند و دەستخۆشی لێ كردن.

سەبارەت رێكخسته‌وه‌ی مووچەی هێزەكانی ئاسایش، ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە، دوای خستنەڕووی چەند پێشنیاز و تێبینییەك لەمبارەیەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە راسپاردنی ئەو لیژنە وەزارییەی كە كار لەسەر ئەم بابەتە دەكات، لەسەر كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بن تا بگات بە ئەنجامێك كە كاریگه‌ریی زۆری نه‌بێت له‌سه‌ر ژیان و بژێوی ئه‌و هێزانه به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی كه خۆیان مووچه‌كانیان كه‌مه، چونكه رۆڵی ئه‌م هێزانه له تێكشاندنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و به‌رگریكرن و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش به هه‌ندی وه‌رده‌گرێ و به‌رزی ده‌نرخێنێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com