پەرلەمانتارێکی گۆڕان: بڕیاری کشانەوەمان لەئێستادا پەیوەندی بە شکاندی ئێرادەوە هەبووە

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاری کشانەوەمان لە ئێستادا و نەکشانەوەمان لە رابردوودا، پەیوەندی بەشکاندی ئێرادەوە هەبووە. رەتیشکردەوە، کە بۆ موزایەدەی سیاسی بێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی چوار ساڵە بە بەشداری هەر پێنج لایەنە سەرەکیەکەی کوردستان (پارتی، گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ) پێکهاتووە، بەڵام دوێنێ چوارشەممە ٢٠-١٢-٢٠١٧، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بەفەرمی بڕیاری کشانەوەیان لەم کابینەیەی حکومەت راگەیاند.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. بەهار مەحمود، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان، رەتیکردەوە بڕیاری کشانەوەکەیان لە ئێستادا بۆ موزایەدەی سیاسی بێت و رایگەیاند “لە دوای ئەوەی، کە رێگری لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرا و وەزیرەکانمان نێردرانەوە ماڵەوە، ئێمە بەفعلی لەم حکومەتە نەمابووین، بەڵام ئەوکاتە، کە نەدەکشاینەوە بابەتەکە شکاندنی ئیرادە بوو، بۆیە ئەگەر ئەوکاتە بکشاینایەتەوە، کە پارتی ئێمەی دەرکردبوو، هیچ نرخێکی نەبوو، چونکە ئێمە خۆمان دەرکرابووین”.

هەروەها گوتیشی “ئەگەر ئەو کات بکشاینایەتەوە دەبوو بە نەریتێك، کە هەرکاتێك حزبێکی دیاری کراو بیهەوێت حزبێکی دیاریکراو بکاتە دەرەوە بۆی بچێتە سەر، بەڵام کە هاتەسەر ئەوەی پارتی بڵێ با وەزیرەکان و سەرۆکی پەرلەمان بگەڕێنەوە، ئەوکاتە کشانەوەکەی ئێمە بایەخدار دەبێت و بەئیرادەی خۆمانەوە کشاوینەتەوە”.

بەهار مەحمود دەڵێت “لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەر هێشتا ئێمە دەرفەتمان پێدان بۆ ئەوەی بتوانین بە هەموومان ئەو هەڵەی کە ئەوان کردویانە، هاوکاربین لە رزگارکردنی کوردستان لەم دۆخەی ئێستا، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەمان پێشکەشکرد بۆ دروستکردنی حکومەتێکی کاتی، بەڵام ئەوان بەدێڕێکیش بە فەرمی وەڵامی پڕۆژەکەیان نەدایەوە”.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی گۆڕان روونیکردەوە و گوتی “ئێمەیان بێ ئومێدکرد لەوەی، بتوانین شەراکەت و هاوبەشی حکومڕانی بین، لەگەڵ ئەم جۆرەتێڕوانین و عەقڵیەتە بۆ حکومڕانی، مادام بوونی ئێمە لەناو ئەو حکومەتە ناتوانێت خزمەتی خەڵک بکات، دەبێت ئێمە بچینەدەرەوە، بۆیە ئەو بڕیارەماندا”.

بەهار مەحمود سەبارەت بە نەکشانەوەیان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی، دەڵێت “حکومەتی خۆجێی سلێمانی و حکومەتی هەولێر دوو پاکێجی لەیەك جیاوازن، بۆ کشانەوە لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی پێویستمان بەبڕیارێکی تر هەیە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com