نێچیرڤان بارزنی: موئامەرەی سەر هەرێمی کوردستان لەوە گەورەترە هەستی پێدەکرێت

0

نوچەنێت
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وردەکاری سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا دەخاتەڕوو. دەشڵێت “موئامەرەی سەر هەرێمی کوردستان لەوە گەورەترە هەستی پێدەکرێت”.

رۆژی پێنجشەممە ٢١/١٢/٢٠١٧، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: ئەڵمانیا و فەرەنسا دەیانەوێ ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.

نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا رایگەیاند، کە ھەرێمی کوردستان ”لەژێر ھەڕەشەیەکی زۆر جدییە“ و بە پێویستی زانایی ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە یەکڕیزیی گەلی کوردستان بپارێزن.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی ەبوە کرد، کە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ئەنگێڵا مێرکڵی راوێژکاری ئەڵمانیا و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەڵمانیا، جەختی لە ویستی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەڕیگای دانوستاندن، کردووەتەوە.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی خۆپیشاندانی بەشێک لە خەڵکی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی،  وێڕای سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان، رایگەیاند، ”خۆپیشاندان مافی ھەموو ھاووڵاتییانە، بەڵام دروستکردنی ئاژاوە و سووتاندنی ئیداراتی حکوومی و قایمقامیەت و بارەگای حزبەکان، ناکەوێتە چوارچێوەی دەربڕینی داواکاری بۆ مافەکانیان“.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھۆشداریی دا لەوەی ”دەستێکی تێکدەر ھەیە“ دەیەوێ ئاراستەی خۆپیشاندەران بەلایەکی دیکەدا ببەن و توندوتیژی دروست بکات و رایگەیاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێگا بە تێکدانی سەقامگیریی کوردستان نادات و ”نایەڵین ئەمە ڕووبدات“.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە بوونی مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم ھەڕەشەیەکی زۆر جددییە دایە و ”ئەگەر خۆمان یەکڕیز نەبین و پێکەوە ھاوکار نەبین بۆ دەربازبوون، کەس براوەی ئەم دۆخە نابێت. ھەموو ھێزە سیاسییەکان و گەلی کوردستان دەبێ درک بەوە بکەن، کە ئەو موئامەرەی لەسەر کوردستان ھەیە، گەورەترە لەوەی ھەستی پێ دەکرێ“.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لە ھەوڵی حکوومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە ھەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، ”بۆ چاکسازی لە کەرتی گشتی چەندین پڕۆژەمان ئامادە کردووە و لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت“.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند، کە ھەفتەی رابردوو نامەی بۆ پەرلەمان ناردووە و تێیدا داوای کردووە وادەیەک، کە لە سێ مانگ تێنەپەڕێت، دیاری بکرێ بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمەش دەقی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە: 

ئەم کاتەتان باش..

من ئەمڕۆ لەبارەی چەند تەوەرێکەوە قسە دەکەم

یەکەمیان بابەتی سەردانەکەمان بۆ ئەڵمانیا

لە ئەڵمانیا دیدارمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا هەبوو. سوپاسی ئەڵمانیا دەکەین بۆ بانگهێشتکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لەم کات و ساتەدا. سوپاسی هەموو ئەو هاوکارییانە دەکەین، کە پێشکەش بە هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ڕۆڵی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانیان بەرز نرخاند.

ئێمە لەو دانیشتنانەدا گفتوگۆمان لەبارەی چۆنیەتی یارمەتیدانی ئەوروپا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور کرد.

ئەڵمانیا و فەڕەنسا پێکەوە دەیانەوێ یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی، کە هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیانە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی هەن.

ئێمە جەختمان لە دەوە کردەوە، کە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان پابەندین بە دەستووری عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانمان بەپێی دەستوور، ڕێزمان بۆ بریارەکانی دادگای دەستووری هەیە و خوازیارین کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور دووپات کردەوە، پابەندین بە عێراقێکی یەکگرتوو، کە بتوانێ ژیانێکی شایستە بۆ پێکهاتەکان دابین بکات.

تەوەرێکی دیکە دەمەوێ باسی بکەم، بابەتی ئەم بارودۆخەیە، کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئەو شتانەی لە ڕۆژانی ڕابردوو لە پارێزگای سلێمانی ڕوویاندا. سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو کەسانە دەکەین، کە لەم ڕووداوانەدا گیانیان لەدەستداوە و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. وەکوو پرەنسیپ بابەتی خۆپیشاندان مافی هەر تاکێکی هاوڵاتیانە، بەڵام درووستکردنی ئاژاوە و سوتاندنی ئیداراتی حکومی و قایمقامیەت و بارەگای حزبەکان، ناکەوێتە چوارچێوەی دەربڕینی داواکاری بۆ مافەکانیان. دەستێکی تێکدەر هەیە، کە دەیانەوێ ئاراستەی خۆپیشاندەران، کە دەیانەوێ بە ئارام و دوور لە توندوتیژی داوای مافەکانیان بکەن، بە لایەکی تردا دەبەن.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان جددین و نایەڵین ئەمە ڕووبدات. دەزانین تەحریک هەیە و خەڵک هەیە پاڵپشتی دەکات تا زیاتر ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان دروست بکات.

بە دڵنیاییەوە گەلی کوردستان بە گشتی دژی ئەم شتانەیە. ئەمە خرۆشێکی جەماوەری نییە و دەستێکە بۆ تێکدان.

ئەگەر سەیر بکەن کەی ئەم شتانە ڕووی دا؟ لە کاتێکدا هێزەکانی عێراقی لە جەبهەی مەخموور هەڕەشەیان دەکرد، لە هەمان کاتدا ئەم ئاژاوانە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی پێکرد. هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم هەڕەشەیەکی زۆر جددییە، ئەگەر خۆمان یەکڕیز نەبین و پێکەوە هاوکار نەبین بۆ دەربازبوون، کەس براوەی ئەم دۆخە نییە. هیچ هێزێکی سیاسی و گەلی کوردستانیش دەبێ درک بەوە بکەن کە ئەو موئامەرەی لەسەر کوردستان هەیە، گەورەترە لەوەی هەستی پێ دەکرێ.

بابەتی بژێوی ژیانی خەڵک، داواکارییەکی ڕەوایە، بەڵام دەمەوێ جەماوەری کوردستان لەوە تێبگەن، کە داهاتی هەرێمی کوردستان بە بەراورد پێش ڕووداوەکان ڕێک بووەتە نیوە. پێشتر ئەگەر بمانتوانیایە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکەین، ئێستا بۆ ٢٥٠ تا ٣٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە. هەروەها خاڵە سنوورییەکانمان بەشێکیان داخراون. ئەو شتانەی هەناردەی دەرەوەی کوردستان دەکرێ، لە بازگەکان بە ناوی حەشدی شەعبی و شتی دیکە پارەیان لێ وەردەگیریێت.

ئێمە ئەوەی پێمان دەکرێ بۆ دابینکردنی موچەی خەڵک هەوڵی خۆمان دەدەین و ڕێگەش هەیە تا لەم دۆخە ناخۆشە دەرچین.

هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەمان هەبوو، بۆ چاکسازیی جددی لە هەرێمی کوردستان. بڕیارمان دابوو کۆبوونەوەی هاوبەشمان هەبوو بۆ ئەوەی هەموو ئەو شتانە بکەین کە پێویستە لەم بوارەدا ئەنجامی بدەین.

ئێمە بۆ چاکسازی لە کەرتی گشتی چەندین پڕۆژەمان ئامادە کردووە و لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت. هیوادارین بتوانین بیانخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە.

هەفتەی ڕابردوو نامەیەکم بۆ پەرلەمانی کوردستان نووسیوە، داوام کردووە کە ئەو کۆبوونەوەیە بکرێ کە پەرلەمان دەیخواست و ڕۆژی هەڵبژاردن دەستنیشان بکرێ کە لە ٣ مانگ تێنەپەڕێت.

ئەگەر بمانەوێ لە ڕووی سیاسییەوە لەم دۆخە دەربچین، پێویستە هەڵبژاردن لە کوردستاندا بکرێت. کۆمسیۆن خەریکی پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانن و ئێمە بە فەرمی لەگەڵ کۆمسیۆن دادەنیشین بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن.

– هەڵوێستتان سەبارەت بە کشانەوەی گۆڕان و کۆمەڵ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان چییە؟ پێتانوایە ئەو خۆپیشاندانانە کۆتاییان دێت و بۆ ناوچەکانی دیکە ناگوازرێتەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: خۆپیشاندان مافی هەر تاکێکە، بەڵام کاتێک ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکە بۆ سوتاندنی بارەگاکان و دروستکردنی کێشە دەگۆڕێ، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی ئەوەمان هەیە سنورێک بۆ ئەو ئاژاوەیە دابنێین و بە دڵنیاییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەدا جددییە، کە نابێ ئەو ئاژاوەیە پەرە بسێنێت.

لەبارەی کشانەوەی گۆڕان و کۆمەڵ، تەبعەن برادەرانی گۆڕان دەمێکە لە حکومەتدا نین و لە بڕیارەکەی خۆشیاندا، کە لە ئیدارەی محەلی لە سلێمانی و ئەو سنوورە هەر دەمێننەوە. سەبارەت بە کۆمەڵی ئیسلامیش وەکو خۆم تێناگەم، وەکوو ئێوە لە دەزگا میدیاییەکان گوێم لە بەیانەکەیان بووە. بەداخەوە پێموابوو دەبووایە داوای کۆبوونەوەیەکیان لە حکومەت بکردایە و هۆکاری کشانەوەکەیان بۆمان باس بکردبا، بەڵام ئێمەش لە دەزگا میدیاییەکان گوێمان لێ بووە.

ڕێزمان بۆ بڕیارەکەیان هەیە، بەڵام لە کاتێکدا ئێمە داوای هەڵبژاردن دەکەین لە سێ مانگی دیکە، هیچ بیانوو و هیچ بەڵگەیەک نابینین بۆ ئەم بابەتە. من وەکوو سەرۆکوەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە پێداگری لەسەر یەکڕیزی دەکەین و پێداگری دەکەین، کە دەبێ لەم قۆناغە سەختەدا هەموومان پێکەوە بین، ئەگەر لایەنێکی دیکە نەتوانێ، ئێمە هەر ئەوەندەمان پێ دەکرێ، کە ئێستا هەیە.

بابەتی یاساییشی هەیە، کە دەبێ ئەو وەزیرانە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بکەن، دواتر دەبێ سەرۆکوەزیران پەسەندی بکات و ڕێوشوێنی دیکەشی هەیە. چوار ساڵە پێکەوەین، ئەوان تا ئێستا نەیاندەزانی دۆخەکە چۆنە ئێستا تێگەیشتن؟ با خەڵک بڕیار بدا دۆخەکە چییە؟

– ئایا ئەڵمانیا و فەرەنسا نێوانگیری بۆ کۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا دەکەن؟ ئایا نامەی سەرۆکایەتیی کۆمار عێراقتان پێگەیشتووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی عێراقی؟ باست لە هەڵبژاردن کرد کە هەندێک لە حزبەکان گلەییان لە تۆماری دەنگدەران هەیە.

نێچیرڤان بارزانی: ئەڵمانیا و فەڕەنساش ئەگەر هەردوولا ویستیان هەبێت، ئێمە ئەو ویستەمان هەیە کە ئەوان ڕۆڵ ببینن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، ئەگەر لایەنی بەغداش ویستی لەسەر بێت، ئەوان دەیانەوێ یارمەتیمان بدەن بۆ گفتوگۆ.

لەبارەی ئەو نامەیەی باس کرا، بەڵێ ئەو نامەیە بە دەست ئێمە گەیشتووە و ئامادەین بۆ ئەو گفتوگۆیە. پێمانوایە سەرۆک کۆماری دەتوانێ دەورێکی زۆر زیاتر ببینێت لەوەی ئێستا دەیگێڕێ.

بابەتی تۆماری دەنگدەران و هەڵبژاردن، کۆمسیۆن دەبێ ئەو وەڵامە بداتەوە، ئێمە چ وەکوو حزب و چ وەکوو خۆم وەک سەرۆک وەزیران کێشەمان نییە و ئێمە ئامادەین هەموو یارمەتییەک بدەین بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران. ئەوانەی نایانەوێ هەڵبژاردن بکرێ، ئەو بابەتە بە بیانوو دێننەوە، ئەگینا خۆ خەڵک تەنیا لە پارتی دیموکراتی کوردستان نەمردووە، لە هەموو لایەنەکان خەڵک مردووە، لە قازانجی ئێمەشە تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردمان هەبێت و شەرعیەت بۆ کوردستان دەستەبەر بکات.

– بڕیاربوو موچەیەکی دیکە بە فەرمانبەران بدەن، ئایا کەی ئەو موچەیە بە فەرمانبەران دەدەن؟

نێچیرڤان بارزانی: دەست بە دابەشکردنی موچە کراوە و کاریشی لەسەر دەکرێت.

– دەستێک لە پشت ئەو خۆپیشاندانانە هەیە، کە بووە هۆی سوتاندنی بارەگاکان، ئایا ئەو دەستە ئاشکرایە لاتان؟ زانیاری هەیە هەفتەی داهاتوو دەست دەکرێ بە دروستکردنی ئیدارەی هاوبەش لە مەرزەکان و فڕۆکەخانەکان، ئایا ئەمە ڕاستە؟

نێچیرڤان بارزانی: تۆمەتبارکردن ئەوە نییە من بڵێم کەسێک هەیە، بەڵام ئەگەر سەیری ڕووداوەکان بکەین، بەشێوەیەک بوو، کە هەندێک خەڵک بە خۆپیشاندان داوای مافی خۆیان دەکرد، بەڵام ڕێگەکە چۆن گۆڕا، چوونە سەر شوێنی حکوومی، ئەگەر دەستی نەبێ، چۆن ئەم ڕێڕەوە گۆڕا. لای ئێمە ڕوونە کە بەو شێوەیە بووە.

هەڵوێستی ئێمە پێشتریش ڕوون بووە، دەستووری عێراق ڕێگەی داناوە بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکان، بەپێی دەستووری عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمڕۆوە ئامادەیی تەواوی هەیە تا ئەو ئیدارە هاوبەشە لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان دابمەزرێنێت. داخستنی فڕۆکەخانەکان زیانێکی زۆری بەوانە گەیاندووە کە کێشەی تەندرووستییان هەیە، یان ئەو ڕێکخراوانەی کە هاوکاریی ئاوارەکانی کوردستان دەکەن کە هێشتا ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس لێرە ماوەتەوە. کێشە بۆ ئەو هەموو خەڵکە دروست دەکات کە دەیانەوێ هاتوچۆ بکەن. بەداخەوە ڕووی قسەم لە سەرۆک وەزیرانی عێراقە، ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق کە داویانە، تا کۆتایی ئەمساڵە، هیوادارین دوای ئەوە، فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە و کێشەکانیش بە دایەلۆگ کۆتایی بێت.

– زیاتر لە ملیۆنێک هاوڵاتی عەرەبی عێراقی لە هەرێمی کوردستانن و هیوادارن و داوا دەکەن نێچیرڤان بارزانی بە عەرەبی بۆچی قسە ناکات؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر سەیری دۆخی عێراق بکەین، لە ڕۆژی دامەزراندنی عێراقەوە تائێستا، بۆچی کێشەکان حەل نەبوون؟ چونکە بە جددی کەس بیری لە چارەسەری کێشەکان نەکردووەتەوە، هەمیشە لەسەر بنەمای بەهێزی و لاوازی کار کراوە. ئەزموون و مێژوو سەلماندوویەتی، ئەگەر بەم پرەنسیپە مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد لە بەغدا بکرێ، بەهیچ شێوەیەک ئەم بابەتە چارەسەر نابێت. ئەو ئیرادەیە لای ئێمە هەیە و قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستان هەر بەغدایە و دەمانەوێ لەگەڵ بەغدا کێشەکەمان چارەسەر بکەین.

بابەتی عەرەبییەکە، کێشەی من زۆر بەداخەوە ئەوەیە ناتوانم وەکوو پێویست قسە بە عەرەبی بکەم، تێگەیشتم باشە و لە خوێندنەوە زۆر باشم و کێشەم نییە، بەڵام لە قسەکردن ئیشەڵا ئەویش چاک دەبێت.

ماوەی چوار ساڵە ئەم کابینەیە دامەزراوە و من ئیشم لەگەڵیان کردووە، ڕێزم هەیە ئەوەی پێیان کراوە کردوویانە. بابەتی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت لە ئارادا نییە، نازانین بۆ دەبێ هەڵبوەشێتەوە، ئێمە کە دەڵێین لە ٣ مانگدا هەڵبژاردن بکرێ، ئێمە هیچ بیانووێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت نابینین، یەکڕیزی بە زۆر دروست ناکرێ. ئێمە هیوادارین بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بێت، دوای ٤ ساڵ تازە بە تازە دەزانن ئەم دۆخە خراپە، ڕوونە دەیانەوێ یارییەکی سیاسی بە عەقڵی خەڵک بکەن. ئێمە دەمانەوێ لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە کێشەکان یەکلا بکەنەوە.

بۆ بابەتی پێشمەرگە خەریکین و لەگەڵ وەزارەتی دارایی دانیشتنی بەردەواممان هەیە کە چۆن کێشەکە چارەسەر بکەین.

– ژمارەیەک چالاکوان داوایان کرد لە هەولێر خۆپیشاندانی هێمنانە بکرێ، بەڵام ڕێگە نەدرا خۆپیشاندان بکرێ بۆچی؟

نێچیرڤان بارزانی: ئاگادار نیم داوای خۆپیشاندانیان کردبێ، هەر تاکێک لە هەر وڵاتێک بە هێمنی و مەدەنی کێشە نییە دەیانەوێ خۆپیشاندان بکەن، بەڵام تێکدانی دۆخی ئەمنی هەر خەڵکی کوردستان خۆیان قەبوڵی ناکەن. هەموو ئەوانەی ئەو ئاژاوەیان دروست کردووە ٢ هەزار کەس بوون خۆ زیاتر نین، خەڵک حەز بە دروستکردنی ئاژاوە ناکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com