نوچەنێت
بڕیارە ئەمڕۆ (پێنجشەممە 21-12-2017) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. لە بەرنامەی کۆبوونەوەکەشدا سێ تەوەری سەرەکی دیاریکراون.
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، جگە لە سێ تەوەرە سەرەکی، سەردانەکەی شاندی حکومەت بۆ ئەڵمانیا، خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردوو و پرسی کشانەوەی گۆڕان و کۆمەڵ لە حکومەتیش باسدەکرێن.
بە گوێرەی زانیارییەکان کۆبوونەوی ئەنجومەنی وەزیران لە سێ تەوەر پێکدەێت و تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان تایبەتە بە راپۆرتێکی کۆمپانیای دیلۆت لەبارەی وردبینی و هەڵسەنگاندنی فرۆشتنی نەوت، داهات و هەناردەکردنی لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2017ـدا.
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بەو رێککەوتنەی نێوان حکومەت و پەرلەمان، کاتێک چەند رۆژێک بەر لە ئێستا شاندێکی سەرۆکایەتی حکومەت سەردانی پەرلەمانی کرد، رێککەوتن لەسەر پڕۆژەیاسایەک کە ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی لەبارەی موچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی خانەنشینی پلەباڵاکان بکات، کە بۆ چاکسازییە لە موچەی خانەنشینی ئەو ئەندام سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیانەی حزبەکان، کە بە نایاسایی بە پلەکانی وەزیر، بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینکراون، لەوبارەیەوە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاسایەکە پەسنددەکات و دەینێرێتە پەرلەمان.
تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان، تایبەتە بە پرسی چاکسازی، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو هەندێک چاکسازی کراوە، بە تایبەت لێسەندنەوەی ئۆتۆمبێل لەو فەرمانبەرانەی شایستە نەبوون، کە ئە وکات بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو دەرکەوت نزیکەی 26 هەزار ئۆتۆمبێلی حکومەتی هەرێمی کوردستان لای فەرمانبەرانە. هەر ئەو کاتە ژمارەیەکی زۆریان وەرگیرانەوە، ژمارەیەک فەرمانگەش بچووککرانەوە و کەمکرانەوە، ئەمڕۆش راپۆرتێک لەو بارەوە دەخرێتەڕوو بۆ فرۆشتنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ حکومەت.