نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، گۆڕان و کۆمەڵ دەیانەوێت بڕیاری کشانەوە لە حکومەت، وەکو دەستکەوتێك بەخەڵکی کوردستانی بفرۆشنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠-١٢-٢٠١٧، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، کشانەوەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فەرحان جەوهەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، لە بارەی بڕیاری کشانەوەی گۆڕان و کۆمەڵ لەحکومەتی هەرێم رایگەیاند “ئێمە تەمەننامان دەکرد، کە ئەم بڕیارە نەدەن لەم دۆخە هەستیارەدا، سەرەڕای ئەوەی، کە تێبینیمان لەسەر بڕیارەکەیان هەیە و پێمان وایە لەم کاتەدا ئەمە بڕیارێکی بەرپرسانە نییە، بەڵام ئەمە بڕیاری خۆیانە و ئێمەش رێز لە بڕیارەکەی ئەوان دەگرین”.
فەرحان جەوهەر ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەو دوو هێزە، تاوەکو بارودۆخەکە باشبوو لە ناو حکومەت مابوونەوە، بەڵام جێهێشتنی حکومەت بەهۆی ئەوەی، کە بارودۆخەکە سەختە و قەیرانی دارایی هەیە، ئەمە ناکاتە ئەوەی، کە بەر پرسیاریەتی بێت بەرامبەر بەخەڵک.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت “لەبەر ئەوەی، کە ماوەی حکومەت زۆری نەماوە، ئەوان دەیانەوێت ئەم کشانەوەیە وەکو دەستکەوتێك بە خەڵکی کوردستان بفرۆشنەوە، چونکە ئەگەر ئەگەر ئەوان راستگۆ بونایە لەگەڵ خەڵک دەبوایە دووساڵ بەر لەئێستا بکشانایەتەوە، نەك لەکۆتایییەکەی”.