نوچە-رادیۆ فەردا
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ژمارەیەک لە خۆپشاندەران لە پارێزگای سلێمانی، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دەدات و دەڵێت، دەوڵەتی مەرکەزی ناتوانێ تەماشاچی هێرشەکردنە سەر هاووڵاتیان بێ و دەستوەردان دەکات.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەم بارەوە رایگەیاند، عەبادی لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی گوتویەتی، ئەگەر هاووڵاتیان بکەونە بەر هێرش، ئێمە دەست لە سەر دەست دانانێین و ناتوانین تەماشاچی بین.
بەپێی هەواڵی راگەیەنەکانی هەرێمی کوردستان، لە میانەی خۆپێشاندانەکانی رۆژی رابردوو بە لانی کەمەوە شەش کەس کوژران و ٧٠ کەسیش بریندرار بوونە.
سی ئێن ئێن، لە سەر زاری میران محەممەد، بەڕێوەبەری ئیدارەی تەندروستی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، کە لە خۆپێشدانەکانی رۆژی سێ شەممە لە شاری رانیە، پێنج کەس گیانیان لە دەست داوە.
هەر لەم پەیوەندییەدا، بەرپرسێکی ئەمنی هەرێمی کوردستان بە سی ئێن ئێن-ی گوتووە، یەکێک لە بریندارەکان بە هۆی ناجێگربوونی باری تەندروستی، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان کۆچی دوایی کردووە.
ئەم خۆپێشاندانانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، روویداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوتوێی راگەێندراوێکدا توندوتیژییەکان مەحکوم کردووە و، خوازیاری پشوودرێژی خۆپێشاندەران بووە.
دووەمین رۆژی خۆپێشاندانەکان لە درێژەی دەربڕینی نارەزایی بەرامبەر بە دواکەوتنی موچە و باری خراپی دارایی هەرێمەکە، بەرەدوام بوو.
سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە ئاراستەی خۆپێشاندەرانی کردووە، گوتی”لە ئێستادا ھەرێمەکەمان بە دۆخێکی ھەستیاردا تێپەڕدەبێت، لە داواکارییەکانی ئێوە تێدەگەم و داواتان لێدەکەم بە ئاشتیانە داواکانتان دەرببڕن”.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، دوای بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقەوە، وێڕای لە دەست چوونی داهاتە نەوتیەکانی کەرکوک وەک سەرچاوەی سەرەکی داهات و هەروەها داخستنی سنورە زەمینی و ئاسمانییەکان، حکومەتی هەرێم روو بە روی دۆخێکی نالەباری دارایی بۆتەوە.