نوچەنێت-رووداو
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، داوایەکی ئاراستەی خۆپیشاندەران کرد و گوتی “لە ئێستادا ھەرێمەکەمان بە دۆخێکی ھەستیاردا تێپەڕدەبێت، لە داواکارییەکانی ئێوە تێدەگەم و داواتان لێدەکەم بە ئاشتیانە داواکانتان دەرببڕن”.
لە دوو رۆژی رابردوودا لە سلێمانی، هەڵەبجە، کفری، پێنجوێن، کۆیە، رانیە، ناحیەی حاجیاوا و چوارقوڕنە و چەند ناوچەیەکی دیکە، خۆپیشاندان ئەنجامدرا، دوای ماوەیەک پشێوی و ئاڵۆزی دروستبوو، خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر باڵەخانە حزبییەکانی ناوچەکە و بەشێکیان سووتێنران. لە خۆپیشاندانەکانی رانیە 5 کەس گیانیان لەدەستدا و 80 کەسی دیکەش برینداربوون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە بەسەردانێکی فەرمی لە ئەڵمانیایە، پەیامێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند “من لە داواکارییەکانی ئێوە تێدەگەم و ھاوسۆزم لەگەڵتان. دەربڕینی ئاشتیانەی بیروبۆچوون مافێکی شەرعی و دیموکراسییە. بەڵام تووندوتیژی ھیچ کاتێک پەسەند نییە”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی “پێویستە ئەوەش لەیاد نەکەین، کە ئێمە هێشتا لە ناوچەیەکی پڕ لە تووندوتیژی و ناسەقامگیردا دەژین، تەنانەت هەر دوێنێ پێشمەرگەکانمان رووبەڕووی ھێرشێکی دیکەی تیرۆریستانی داعش بوونەوە، ئێمە لە ئێستادا ئاگاداری جموجۆڵی هێزە عێراقییەکانین لە مەخموور کە ئەمەش جێگەی نیگەرانییە”.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:
ھەرێمەکەمان لە ئێستادا بە دۆخێکێ ھەستیاردا تێپەڕ دەبێت. من لە داواکارییەکانی ئێوە تێدەگەم و ھاوسۆزم لەگەڵتان. دەربڕینی ئاشتیانەی بیروبۆچوون مافێکی شەرعی و دیموکراسییە. بەڵام تووندوتیژی ھیچ کاتێک پەسەند نییە. من داواتان لێدەکەم کە بە ئاشتیانە داواکانتان دەرببڕن.
پێویستە ئەوەش لەیاد نەکەین کە ئێمە هێشتا لە ناوچەیەکی پڕ لە توندووتیژی و ناسەقامگیردا دەژین. تەنانەت هەر دوێنێ پێشمەرگەکانمان رووبەڕووی ھێرشێکی دیکەی تیرۆریستانی داعش بوونەوە. ئێمە لە ئێستادا ئاگاداری جموجوڵی هێزە عێراقییەکانین لە مەخموور کە ئەمەش جێگەی نیگەرانییە.
ئێمە ئەو کاتە بەهێز دەبین کە یەکڕیز و یەکگرتوو بین من خۆڕاگری ئێوە بەرز دەنرخێنم لەم دۆخە سەختەدا و لە رابردوودشدا دۆخی خراپترمان تێپەڕاندووە و باوەڕم وایە بەیەکەوە بەرەو داهاتوویەکی باشتر ھەنگاودەنێین.