نوچەنێت:تایبەت
ئەندام پەرلەمانێكی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، تاکە فشار بۆ ئەوەی وڵاتان بێنە سەرخەت و پەیامێك بە هەموودونیا بدەین، ئەوەیە کەس لە بەغدا نەمێنێت و چیدیکە شەرعیەت بەو حکومەتە نەدەین.
بە هۆی فشارەکانی حکومەتی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان، ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی سەختتر کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەیییەکی نیشانداوە بۆ دانوستاندن.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٩-١٢-٢٠١٧، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دوا لێدوانیدا رایگەیاند، ناتوانین موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابینبکەین. داواشی لە پەرلەمانی عێراق کرد، بەزووترین کات یاسای بودجە پەسندبکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی رێگاچارە گونجاو بۆ دەربازبوونی هەرێمی کوردستان لەم دۆخەی ئێستا رایگەیاند”پێویستە حکومەتی هەرێم، چاکسازی و پاکسازی تەواو بکات لەسەرجەم دامەزراوەکانیدا، ژمارەی پێشمەرگە و ئاسایشی حەقیقی جیابکاتەوە و ئەو داهاتەی، کە هەیە هەوڵبدات بەشێوەیەك بێت بتوانێت موچەی پێبدات”.
شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها گوتی”لە هەمووی گرنگترئەوەیە کە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، لەبەرامبەر ئەو هەموو ناعەدالەتیەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت، هیچ پەرلەمانتار و -وەزیرێك لە بەغدا نەمێنێت”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە “تاکە فشار بۆ ئەوەی وڵاتان بێنە سەرخەت و پەیامێك بە هەموودونیا بدەین، ئەوەیە کەس لە بەغدا نەمێنێت و چیدیکە شەرعیەت بەو حکومەتە نەدەین”.