نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێكی پارتی رایدەگەیەنێت، بەکارهێنانی منداڵان لە خۆپیشاندانەکان دیاردەیەکی خراپ و ترسناکە، لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراو نییە.
رۆژی دووشەممە ١٨-١٢-٢٠١٧، خۆپیشاندان لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامدراو لە هەندێك شوێن ژمارەیەك بارەگای حزبی و حکومی سوتێنرا، ئەمڕۆش لە چەند ناوچەیەك بارەگای حزبی و حکومی سوتێنرایەوە و ژمارەیەك هاوڵاتیش بریندار بوون، هەروەها لەناو خۆپیشاندەران منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ دەبینرێن، تێکەڵ بە توندوتیژی و گرژیەکان دەکرێن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فەیروز تەها عەبدولخالق، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و منداڵ و خێزان، لە پەرلەمانی کوردستان، لەسەر بەکارهێنانی منداڵ لە خۆپیشاندانەکان رایگەیاند “خۆپیشاندانی مەدەنی مافێکی رەوای خەڵکی کوردستانە، بەڵام بەکارهێنانی منداڵان لە خۆپیشاندانەکان دیاردەیەکی خراپ و ترسناکە، لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراو نییە، منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکان، توندوتیژیەکان بکرێن و بۆ ئەجێندای سیاسی بەکاربهێنرێن”.
فەیروز تەها، بە پێویستی دەزانێت لە نزیکترین کاتدا لیژنەکەیان، کۆبوونەوە یەك بکات و بە یاننامەیەك بڵاو بکەنەوە، لەسەر بەکارهێنانی منداڵ لە خۆپیشاندانەکان، داواش لە دایك و باوکان دەکات، کە ئاگاداری منداڵەکانی خۆیان بن. هەروەها داواش لە میدیاکان دەکات، رۆڵیان هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان.
ئەو ئەندامەی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و منداڵ و خێزان دەڵێت “لە خۆپیشاندانەکانی رابردوودا بەپارە منداڵان هێنراونەتە ناو خۆپیشاندانەکان و تێکەڵ بە توندوتیژیەکان کراون؛ ئەمە دەستێکی تێکدەرانەیە و دەیانەوەێت لەڕێگەی منداڵانەوە ئەنجێندای سیاسی خۆیان جێبەجێ بکەن، بۆیە دەبێت خێزانەکان هۆشیار بن، چونکە منداڵ هیچ شتێکی لەسەر نییە و ئەوانەشی منداڵ بەکار دێنن، دەبێت رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە”.