پەرلەمانتارێکی پارتی: دروستبوونی گرژی لە ناو خۆپیشاندانەکان ژیانی هاوڵاتیان قورستر دەکات

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، دروستبوونی گرژی لەناو خۆپیشاندانەکان، دەستی گێرەشێوێنی لە پشتەوەیە، کە ئەوەش هێندەی دیکە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان قورس دەکات.

رۆژی دووشەممە ١٨-١٢-٢٠١٧، لەسنوری پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان دەستیپێکرد و لە چەند ناوچەیەکیش هێرشکرایە سەر چەند بارەگایەکی حزبی، لە ناحیەی پیرەمەگرون بارەگای پارتی، گۆڕان، یەکگرتوو، یەکێتی و کۆمەڵ ستێنراو، لە ناو شاری سلێمانیش گرژی لەنێوان هێزەئەمنیەکان و خۆپیشاندەران روویدا.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شیلان جەعفەر ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دوایەك ئاراستەی خۆپیشاندەرانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەکات و دەڵێت “داواکاری هاوڵاتیانی کوردستان بۆ دابینکردنی موچە و خزمەتگوزاریەکان مافێکی رەوای خۆیانە، بەڵام پێویستە دان بە خۆیاندا بگرن و بەشێوەیەکی مەدەنی و دوور لەتوندوتیژی دواکاریەکانیان بگەیەنن، چونکە دروستبوونی گرژیەکان، هێندەی دیکە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم قورس دەکات”. 

شیلان جەعفەر هۆشدار دەدات لەوەی، کە سەر هەڵدانی گرژی لەناو خۆپیشاندانەکان پلانی وڵاتانی دراوسێ و حکومەتی عێراقە. گوتیشی “با جارێکیتر دڵی دوژمنانمان خۆشنەکەین، رێگە نەدەین جارێکیتر ١٦ی ئۆکتۆبەری تر دووبارە بێتەوە، چونکە ئەمە هەمان پیلانە زنجیرە یەك بەدوای یەکەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرە، کە دۆخی هەرێمی کوردستانیان بە ئێستا گەیاند”.  

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات، کە “حکومەت، حکومەتی هاوڵاتیانی کوردستانە، بۆیە پێویستە ئەزموونی هەرێمی کوردستان، کە بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی زۆر بەدستهاتووە، بپارێزێت و هەوڵی خۆی بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نەهێڵێت دەستی گێرەشێوێنی بگاتە ناو خۆپیشاندانەکان، بۆیە پێویستمان بە یەکڕیزی زیاتر هەیە”.    

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com