نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی یەکگرتوو رایدەگەیەنێت، دەبێت پێش ئەوەی بیر لە هەڵبژاردن بکرێتەوە، هەندێك رێککەوتنی رێخۆشکەر و چاکسازی هەبێت و دەشڵێت “کشانەوە لە حکومەت، راکردنە لە بەرپرسیاریەتی”.
رۆژی یەکشەممە ١٧-١٢-٢٠١٧، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی یاداشتێکی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرد و داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکات، رێکاری یاسایی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بگرنەبەر، کە لەماوەی سێ مانگ تێپەڕ نەکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، کە بزووتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا سەرقاڵی کشانەوەیە لە حکومەت و بڕیاریشە شەممەی داهاتوو، جڤاتی نیشتمانی بڕیاری کۆتایی بدات لەو بارەیەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سوهراب میكائیل محەمەد ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: دەبێت پێش ئەوەی بیر لە هەڵبژاردن بکرێتەوە، هەندێك رێککەوتنی رێخۆشکەر و چاکسازی هەبێت، چونکە دوای هەڵبژادنیش هەر ئەو کەسانە دێنەوە، کە ئێستا لەنا مەیدانی سیاسی کوردستان دان”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەکگرتوو ئاماژە بەوە دەکات، کە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ئەوەندەی گۆڕانکاری شکلی دەکرێت، ئەوندە گۆڕانکاری جەوهەری ناکرێت. دەشڵێت “بۆیە لەو بڕوایەدا نیم ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، ببێتە رێخۆشکەرێك بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و چارەسەری پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا”.
سەبارەت بەوەی تاچەند گونجاوە لایەنێکی سیاسی بڕیاری کشانەوە لە حکومەت بدات لەم کاتەدا، کە پێشنیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کراوە، سوهراب میكائیل گوتی “هەر چەندە هەندێك لایەن ناچاربوون باس لە کشانەوە بکەن، بەڵام لەم کاتەدا کشانەوە لە حکومەت، هەرێمی کوردستان زیارتر لاواز دەکات، بۆیە بە چارەسەری گونجاوی نازانم، بەڵکو پێمباشە زیاتر گفتوگۆ بکەن و فشاری زیاتر بکەن لە لایەنی دەسەڵات”.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی “حیکمەتی کشانەوە لە حکومەت لەکاتی خۆدایە، نەك هەر کاتێك هەستبکەین هەرێمی کوردستان توشی کێشەبوو بکشێینەوە، چونکە ئەوە راکردنە لەبەرپرسیارێتی”.