نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا لەبەرلین کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پەیوەندییەکانی هەردوولا، تیرۆر و پێشهاتەکانی ناوچەکە کراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ (دووشەممە ١٨-١٢-٢٠١٧)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئەڵمانیا لە بەرلین کۆبوونەوە. هەروەها جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون.
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا گرنگی بە شەڕی دژی تیرۆر و پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان دەدەن، هەروەها گرنگیش بە پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوخۆی عێراق و هەولێر و بەغدا دەدەن.
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو دەڵێت، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنگێلا مێرکل، راوێژکار ئەڵمانیا شاندەکەی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی کریستیان دیموکرات، کە پارتەکەی ئەنگێلا مێرکلە، لە کۆبوونەوەدان.
پێشتر سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پەیوەندییەکانی هەردوولا، تیرۆر و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکرێت.
هەر ئەمڕۆ لە بەرلین، زیگمار گابرێل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و چەند پرسێکی وەک، شەڕی داعش و تیرۆر، پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێکرد، دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازکرد.
هاوکات هەر ئەمڕۆ شاندەکەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی لەگەڵ لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبووەوە.

