نوچەنێت
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوە لەگەڵسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە حکومەتی بەغدا کرد لەگەڵ هەولێر دەست بە گفتوگۆ بکات، لەبەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکارییەکانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش و، پشتیوانیکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
رۆژی دووشەممە 18-12-2017 لە بەرلین، زیگمار گابرێل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و چەند پرسێکی وەک، شەڕی داعش و تیرۆر، پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێکرد، دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان سازکرد.
لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا زیگمار گابرێل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: “هەولێر خواستی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە و دەبێت پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاسایی ببنەوە و حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست بە گفتوگۆ بکات”. لەبارەی داعشیش گوتی: “داعش مەترسییەکی گەورە بوو بۆسەر عێراقییەکان، کۆتایی داعش نزیکبووەتەوە و دەبێ سەرکەوتن بەسەر داعشدا بپارێزین”.
لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی ئەڵمانیا و هاوپەیمانانی کرد و گوتی: “سوپاسی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین بۆ ئەو هاوکارییانەی پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردوون، هەرگیز هاوکارییەکانی ئەڵمانیا لەبیرناکەین، هەروەها سوپاسی ئەڵمانیا دەکەین بۆ پشتگیریکردنی لە مافە دەستوورییەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا”. ئاماژەی بەوەش کرد، کە کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداون.
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانیش لەگەڵ حکومەتی عێراق نێچیرڤان بارزانی گوتی: “هاتووین هەڵوێستمان دووپاتبکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، پابەندین بەرامبەر عێراقی دیموکراتی، فیدراڵی و فرەیی، کە رێز لە دەستووری وڵاتەکەی بگرێت، ئێمە بەپێی دەستووری عێراق هیچ کێشەیەکمان نییە لە بابەتی دەسەڵاتی فیدراڵی لە خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، ئامادەین گفتوگۆیەکی جددی بۆ چارەسەکردنی هەموو کێشەکان بکەین لەپێناو سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا “.
هەروەها گوتیشی: “رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق دەگرین، ئەگەر بمانەوێت ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو گەلی عێراق دابین بکەین، دەبێت ئەم دەستوورە کە زۆرینەی گەلانی عێراق دەنگیان بۆ داوە، وەک خۆی بەتەواوی جێبەجێ بکرێت. چارەسەرکردنی کێشەکان بە بوونی ئیرادەی سیاسی و ئامادەیی لایەنەکان دەکرێت، ئەم چارەسەرەش پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزی نیشتمانی هەیە، بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەر لەنێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور”.