نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوەبەری رۆرشنبیری و راگەیاندن وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، تائێستا زیاتر لە ٨٠٠ پێشمەرگەی بریندار رەوانەی دەرەوەکراون بۆ چارەسەری پزیشکی.
لە سەرەتای دروستبوونی شەڕی داعش لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، شەهید و بریندار بوون، ژمارەیەکیش لەو بریندارانە بەهۆی روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بووە و پێویستیان بەچارەسەری پزیشکییە لەدەروەی کوردستان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی پێشمەرگە بریندارەکانەوە رایگەیاند “لە ئێستادا نزیکەی ٨٠ پێشمەرگەی بریندارمان هەیە، کە پێویستیان بە چارەسەری پزیشکییە لە دەروەی کوردستان و لە چاوەڕوانی ئەوەدان رەوانەبکرێن، بەڵام بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، نەتوانراوە رەوانە بکرێت”.
هەڵگورد حیکمەت دەڵێت “تاوکو پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، زیاتر لە ٨٠٠ پێشمەرگەی بریندار بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی رەوانەی وڵاتانی جۆراو جۆر کراون و چارەسەریان بۆکراوە”.