کەمپینی داکۆکی لە خورماتوو: عەبادی بەرپرسە لەو تاوانانەی بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا هاتووە

0

نوچەنێت- تایبەت

ئەمڕۆ (یەکشەممە ١٧-١٢-٢٠١٧) کەمپینی داکۆکی لە خورماتوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژناموانیدا، رایان گەیاند، کە دووهەزار کەس لە ناوچە جیاجیاکانی باشوری کوردستان، پشتیوانی خۆیان دەربڕی و ئێمە داواکاری کەمپینەکە، رادەستی پەرلەمانتارێکی عیراق دەکەین، بە ئامانجی کارکردن لەسەری.

یەکێک لە خاڵەکانی داواکاری ئەم کەمپینە ئەوەبوو، کە پەرلەمانی عیراق دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم تاوانانە بکاتەوە، کە لەم ناوچانە جێناکۆکەکان ئەنجام دراون بەتایبەتیش خورماتوو.

رێکخەری کەپمینەکە دەڵێت”داوا لە پەرلەمانی عیراق دەکەین، کە دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ پرسی خورماتوو بکاتەوە، چونکە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق، بەرپرسە لەو تاوانانە لەو ناوچانەدا”.

لە داوی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، دانشتووانی خورماتوو کە پێکدێت لە کورد و عەرەب و تورکمان، لە لایەن هێزەکانی عیراق و میلیشیاکانی حەشدی هێرشێکی توند کرایە سەر دانیشتوانە کوردەکەی ئەو شارە و کارەساتی لێکەوتووەتەوە، بە جۆرێک کورد بە هەموو شێوازێک دەکرێتە ئامانج. بۆیە خەڵکی ئەو کەرکوک و بەتایبەت ناو خورماتوو ئاوارە بوون. 

بەگوتەی کەسانی شارەزا لە بواری یاسا و مافی مرۆڤ، ئەو تاوانەی بەسەر خەڵکی خورماتوودا هاتووە جینۆسایدە.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بەهرە حەمەڕەش، رێکخەر و سەرپەرشتیاری کەمپینی داکۆکی لە خورماتوو، سەبارەت بە رێکخستن و ئامانجی کەمپینەکەیان رایگەیاند”گەلی کوردستان، ئەمڕۆ لە ناوچەکێشەلەسەرە​کان لەبەردەم هەڕەشەی تیرۆر و جینۆساید دایە، بە تایبەت لە ناوچەکانی کەرکوک و خورماتوو، ماوەی سێ ساڵە لە خورماتوو، تاوان بەرامبەر خەڵکی مەدەنی کورد ئەنجام دەدرێت”.

بە گوتەی رێکخەر و سەرپەرشتیاری کەمپینی داکۆکی لە خورماتوو، زیاتر لە ١٦٨هەزار و ٣٧٢ کەس، لە کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری بەهۆی توندو تیژییەوە ئاوارەبوون، زیاتر لە ٨٠٠٠ هه‌شت هەزار خێزان تەنیا ئاوارەی خورماتوون، ئێستا لە دۆخێکی ناهەمواردا بەبێ هەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان، ژیان بەسەردەبەن، هەڵکەندنی ئەو خەڵکەش لە ماڵ و حاڵی خۆیان، لەسەر بنەمای رەگەز و مەزهەبە و تاوانیان تەنیا کوردبوونیانە.

لەبارەی پرسی خورماتوو ،بەهرە حەمەڕەش دەڵێت، داوا لە پەرلەمانی عیراق دەکەین، کە دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم پرسانە بکاتەوە، چونکە حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە و بەرپرسە لەو تاوانانەی لەو ناوچانەدا، بەرامبەر خەڵکی مەدەنی کورد ئەنجام دەدرێن. 

لە کۆتاییدا ئەو چالاکوانە گوتی “دەبێ کاربکرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆییەکان دەکەین، بە هانای خەڵکەوە بچن، چیتر كه‌مته‌رخه‌م نه‌بن، له ‌به‌ده‌مه‌وه‌چوونی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئاواره‌ بووه‌، و سنور بۆ دەستدرێژییەکانی میلیشیا و هێزە چەکدارەکان، بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی دابنێن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com