نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پۆستی پارێزگاری کەرکوك بەهیچ شێوەیەك قابیلی سازشکردن نییە و دەشڵێت “بۆیە هەڵبژادن کراوە، کە هەرکەسەو مافی خۆی وەربگرێت”.
لەدوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوك، کە لەپشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە، تائێستا لەلایەن ئەو حزبەوە پڕنەکراوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، عهلی حسێنی، گوتهبێژی حهشدی توركمانی، بهدهنگی ئهمهریكای راگهیاندبوو “ئێمه وهكو كوتلهی توركمانی داوای پۆستی پارێزگاری كهركوك دهكهین، ئە گهر پارێزگاریشمان پێنهدرا، ئهوكات دهبێت سهرۆكی ئهنجومهنی پارێزگامان پێبدرێت”.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد عوسمان ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوك رایگەیاند “پۆستی پارێزگاری کەرکوك بەهیچ شێوەیەك قابیلی سازشکردن نییە، چونکە ئەو پۆستە مافی یەکێتییە و ئێمە بەپێی ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن مامەڵە دەکەین”.
محەمەد عوسمان دەڵێت “لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوە کاندید دیاری دەکەن و هەڵبژاردن دەکەن، بۆئەوەی هەر کەس و لایەنێك بەپێی مافی خۆی و خەڵکەکەش بتوانێت دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت و خزمەتی میللەتەکە بکات”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەکێتی، ئامادەیی حزبەکەشی نیشاندا بۆ رێککەوتن و کارکردن لە سەر چارەسەرکردنی کێشەرکانی کەرکوك و گەڕانەوەی ئاشتی بۆ شارەکە، گوتی “ئامادەین هەر شتێك خزمەتی ئەو شارە بکات بچینە پێشەوە، بۆیە هەڵبژاردنەکان بەیەک پاکێج بێت یان دوو پاکێجی جیا بێت، بەلای ئێمەوە کێشە نییە بە قەدەر ئەوەی، کە بتوانین خزمەتی شارەکە و میللەتەکەی خۆمان بکەین”.