نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوەبەری رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەکاتەوە، کە هیچ رێککەتنێك کرابێت بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانی گوێر و دەوروبەری و رایدەگەیەنێت “بەھیچ شێوەیەک ئەو ناوچانە بۆ ھێزە عێراقییەکان چۆڵ ناکەین”.
چەند مێدیایەکی کوردستان دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە گوایە رێککەوتن لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەعێراقیەکان کراوە، بۆ چوڵکردنی ناوچەکانی گوێرو دەوروبەری بەبێ تەقەکردن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری رۆرشنبیری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی دەنگۆی رێککەوتن لەگەڵ هێزە عێراقیەکان بۆ چۆڵکردنی گوێر رایگەیاند “ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکی راستیان نییە، و بە هیچ شێوەیەك کۆبوونەوە و رێککەوتن لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان نەکراوە، لە سنوری گوێر و دەوروبەری”.
هەڵگورد حیکمەت ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە هێزە عێراقیەکان هێزێکی زۆریان کۆکردووەتەوە و جوڵەیان پێکراوە لەو ناوچانە. گوتیشی “بە هۆی جوڵانی ئەو هێزانەش، لە ئێستادا هێزەکانی پێشمەرگە لە ئاماددەباشی دەرەجە ( ج) دایە لەو ناوچانە”.