تایبه‌ت: نوچه‌نێت
سه‌رۆكی ژوری توێژینه‌وه‌ی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی خۆی ده‌رباره‌ی بوونه‌وه یان نه‌بوونه‌وه‌ی گۆڕان به ئۆپۆزسیۆن بوون ده‌دات.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٤/١٢/٢٠١٧ جڤاتی گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی دا بڕیاری بوونەوە ئۆپۆزسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی په‌سه‌ندكرد و ئاراسته‌ی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی كرد بۆ دوا بڕیار.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د. ئیسماعیل نامیق، سه‌رۆكی ژووری توێژینه‌وه‌ی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هاوكات ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی، سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتووی به‌رده‌م بزووتنه‌وه‌كه‌ی رایگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی جڤاتی گشتی بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی په‌سه‌ندكرد و ئاراسته‌ی جڤاتی نیشتمانی كرد، بڕیاره له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا جڤاتی نیشتمانی كۆببیته‌وه و دوا بڕیار بدات.
سه‌باره‌ت سه‌ركه‌وتنی ئه‌گه‌ری ئۆپۆزسیۆن بوون یان مانه‌وه له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێم گوتی، ئه‌وه له كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتمانی تاوتوی ده‌كرێت، جڤاتی نیشتمانی به زۆرینه، هه‌ر بڕیارێك بدات ئه‌وه بریاری كۆتایی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه.
ده‌رباره‌ی دواكه‌وتنی كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتمانی، كه بڕیار بوو ئه‌مڕۆ شه‌ممه ١٦/١٢/٢٠١٧ سازبكرێت ، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ده‌ستوری گۆڕان دیاری نه‌كردووه، كه دوو ڕۆژ دوای كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی گشتی، جڤاتی نیشتمانی كۆببێته‌وه، بۆیه ده‌كرێ نێوانی كۆبوونه‌وه‌كان زیاتربن.