نوچەنێت-ئاژانسەکان
دوو گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزرانەوە، کە رووفاتی ٩٠ کەسیان تێدایە و، لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون.
ئەمە یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ نییە کە لە شنگال و دەوروبەری دۆزرابێتەوە، بەڵکو لەماوەی رابردوودا چەندین گۆڕی دیکەی هاوشێوە لە ناوچەکە دۆزراونەتەوە و، هەموو تاوانەکانیش لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون. لە ئابی ٢٠١٤بەهۆی هێرشی گروپە تیرۆرستییەوە نزیكەی ٤٠٠ هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و نزیكەی پێنج هەزار كچ و ژنیش كەوتنە دەست داعش.
دوو گۆڕە بەکۆمەڵەکە پێش هەفتەیەک لە دەوروبەری شنگال دۆزراونەتەوە، لەنێو رووفاتەکاندا منداڵ و ژن هەن و بێ ئاگا لە هیچ شتێک، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە گوللـەباران کراون.
بەگوتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو گۆڕەکە رووفاتی نزیکەی ٩٠ کەسیان تێدایە. ٨٠ لەو رووفاتانەی دۆزراونەتەوە، خەڵکی شارۆچکەی جەزیرەن، کە دەکەوێتە باشووری شنگال و، ١٠ رووفاتەکەی دیکەش خەڵکی گوندی قابوسین.