نوچەنێت-ئاژانسەکان
رۆژی هەینی عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكانی عێراق لەبارەی چارەنووسی میلیشیاكانی حەشدی شیعیەوە گوتی، پێویستە ببنە بەشێك لە دەزگای ئەمنی عێراق و تێكەڵی سوپا بكرێن.
سێ ساڵ پێش ئێستا سیستانی، گەروە مەرجەعی شیعە، لە كاتی پەیدابوونی داعش و داگیركردنی بەشێكی عێراق، فەتوای جیهادی دەركرد و بەم هۆیەوە شیعەكان چەندین میلیشیای چەكداریان پێكهێنا بۆ شەڕی داعش.
هەروەها ئەم بڕیارەی سیستانی نزیكە لە بڕیارەكەی پێشووی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەبارەی چارەنووسی حەشدی شیعیەوە، كە داوای كردبوو حەشد وەكو ڕێكخراوی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق نەكەن.
لە میانی گوتاری نوێژی هەینیدا، عەبدولمەهدی كەربەلایی، یەكێ لە یاریدەرانی عەلی سیستانی رایگەیاند: مەرجەعیەت بڕیاری داوە هەموو ئەو چەكانەی حەشد بەكاری هێناون لە شەڕی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشدا، بخرێتەوە بەر دەستی حكومەتی عێراق.
هەروەها كەربەلایی لە گوتارەكەیدا ئەوەشی گوتی، سەركەوتن لە شەڕی داعشدا، مانای كۆتایی داعش نییە، بەڵكو شانەی خەوتوویان ماون و لە هەر ساتێكدا ئەگەری هەڵسانەوەیان دەكرێ.