باڵیۆزی چیک بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئامادەیین لە سەرجەم بوارەکان هاوکاری بکەین

0

نوچەنێت

باڵیۆزی چیک لە عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی لە سەرجەم بوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14-12-2017، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ یان ڤیتشال، باڵیۆزی وڵاتی چیك له‌ عێراق و ئیڤا درداكۆڤا، كونسوڵی ئەو وڵاتە له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی چیک لە عێراق مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونی‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستانە و میكانیزمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخ و قه‌یرانه‌كان، هاوکات له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم كۆببێته‌وه‌ و سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان بكات.

لە کۆبوونەوەکەدا پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانیان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و گه‌یاندنی هاوكارییه‌كانیان به‌ رێگه‌ی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان و به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ داموده‌زگا‌كانی حكومه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو، ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هاوكاریكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا نیشاندا.


وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌كانی چیكى بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماژه‌ی به هۆكاره‌كانی دروستبوونی قه‌یرانه‌كان كرد و دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌‌ وێڕاى كه‌مبوونه‌وه‌ى گرژییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڵام هیچ گفتوگۆیه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نییه‌ و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ستووری عێراق وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌بینێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پوخته‌یەکی ده‌رباره‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی كۆده‌نگیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌م قۆناخه‌دا، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان‌، چۆنیه‌تیی تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌ ئابووری و سیاسییه‌كان، پلانی حكومه‌ت بۆ چاكسازی له‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كاندا و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كان، خستەڕوو. 

به‌ پێویستیشیزانى كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رۆڵی زیاتر ببینێت له‌ هاوكاریكردنی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پشتگیریكردنی ژێرخانی ئابووری‌ هه‌رێمی كوردستان له‌م قۆناخه‌دا.

چیک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژی داعشە، لەو چوارچێوەیەشدا هاوکاری پێشمەرگەی کردووە. پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری و کشتوکاڵی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی چیکدا هەیە. ناوەڕاستی مانگی 5ـی ساڵی 2017 چیک و هەرێمی کوردستان گرێبەستێکیان لەسەر بنەمای سێ خاڵ واژووکرد، دوای ئەنجامدانی دوو قوناخ، کۆتا قوناخ دامەزراندنی کارگەی تراکتۆری زیتۆرە بەناوی کارگەی تراکتۆری کوردستان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com