فەرحان جەوهەر: دۆخی ئێستای هەرێم ئۆپۆزسیۆن بوونی لایەنێکی سیاسی هەڵناگرێت

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، بارودۆخی ئێستای کوردستان، ئۆپۆزسیۆنی  لایەنێکی سیاسی هەڵناگرێت، کە ماوەی چەند ساڵێکە لەناو حکومەتدایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤-١٢-٢٠١٧، جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە و تەوەری سەرەكی کۆبوونەوەکەش باسی كشانەوەی گۆڕان بوو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر بەپێی لێدوانی بەرپرسانی گۆڕان زۆرینە لە کۆبوونەوەکە پێیان باشبووە گۆڕان بكشێینەوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی بۆ جڤاتی نیشتمانی گەڕێنراوەتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فەرحان جەوهەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت رایگەیاند “هەرچەندە لەو بڕاویەدا نیم بزووتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا بڕیاری کشانەوە لەحکومەت بدات، بەڵام هیوادارم ئەو بڕیارە نەدات و ئەو ماوەی کەماوە بەیەکەوە کاربکەین و حکومەتێکی بەهێز بێت، بۆئەوەی بە دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەین”. 

سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە دوای کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت فەرحان جەوهەر دەڵێت “ئەگەر بەفەرمی گۆڕان بڕیاری کشانەوە بدات، ئەوکاتە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت پڕدەکرێتەوە”. 

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت “بارودۆخی ئێستای کوردستان، ئۆپۆسۆزیۆنبوونی لایەنێکی سیاسی هەڵناگرێت، کە ماوەی چەند ساڵێکە لەناو حکومەتدایە، بۆیە باشترین رێگا دروستکردنی ئاشتەواییەکی نوێیە لەناو خۆی هەرێمی کوردستان”.

فەرحان جەوهەر ئاماژە بەوە دەکات، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان، بەهەموو دەستکەوتەکانییەوە رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە، گوتیشی “ئەمە تەنها پەیوەندی بە حزبێکەوە نییە و هەڕەشە نییە بۆ حزبێکی دیاریکراو، بەڵکو لەسەر گەلی کوردستان، دەستکەوتەکانی، قەوارە سیاسیەکەی، بوون و مانەوەی هەیە، بۆیە ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە ناکۆکیەکانیان بەلاوە بنێن”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com