نوچەنێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنی رۆژوو لە کوردانی ئێزدی دەکات، وێڕای ئەوەش رایدەگەیەنێت “هیوادارین خوشک و برا ئێزدییەکانمان، کە تاوەکو ئێستاش ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپەکانی ئاوارەکاندان، جەژن و هەڵکەوتەکانی دیکەیان لە داهاتوودا بە ئازاد و سەرفرازانە بەسەربەرن و بگەڕێنەوە دەڤەرە ئازادکراو و ئاوەدانکراوەکانیان”.
دەقی پەیامەکەی ئەنجومەنی وەزیران:
ئەنجومەنی وەزیران جەژنی رۆژووی ئێزدییەکان لە ئێزدییەکان پیرۆز دەکات
جەژنی رۆژووی ئێزدییەکان لە خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و لە هەر شوێنێکی جیهان بن پیرۆز دەکەین، هیواداراین جەژنێکی ئارام بەسەربەرن. لەم جەژندا جارێکی دیکە ئێمە هەموو ئەو خوشک و برا ئێزدییانەمان بەبیردەهێنینەوە، کە وەکو هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەی کوردستان، لە ئەنجامی تاوان و کارە تیرۆریستییەکان بوونەتە قوربانی.
هیوادارین خوشک و برا ئێزدییەکانمان کە تاوەکو ئێستاش ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپەکانی ئاوارەکاندان، جەژن و هەڵکەوتەکانی دیکەیان لە داهاتوودا بە ئازاد و سەرفرازانە بەسەربەرن و بگەڕێنەوە دەڤەرە ئازادکراو و ئاوەدانکراوەکانیان، هەروەها هەموو کوردستانیان جەژن و بۆنەکانیان لە خۆشی و ئارامیدا پیرۆز بکەن.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
14-12-2017