ئەندامێکی جڤاتی گۆڕان: دەستبەکاربوونی د.هەڤاڵ پەیوەندی بەرێککەوتنی گۆڕان و یەکێتییەوە نییە

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، دەستبەکاربوونی هەڤاڵ ئەبوبەکر، هیچ پەیوەندییەکی بە خاڵەکانی ناو رێککەوتنی یەکێتی گۆڕانەوە نییە.

نزیكەی ١٩ مانگە رێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان، واژووكراوە، بەڵام تائێستا بەرپرسانی گۆڕان نیگەرانن لەوەی، کە هیچكام لە ماددەكانی جێبەجێ نەكراوە‌ و لەئێستاشدا ئومێدێك نییە بۆ جێبەجێكردنی و  بەشێکیان داوای هەڵپەساردنی دەکەن.

هەر لەو بارەیەوە، رەهبەر سەید ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاندووە “یەکێتی خەتابار نییە لەوەی ئەو رێککەوتنە جێبەجێنەکراوە، بەڵکو ئەگەر جێبەجێ نەکرایە هەڤاڵ ئەبوبەکر نەدەبوو بە پارێزگاری سلێمانی لەسەر پشکی گۆڕان”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جەعفەر خەیات، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لە بارەی دەستبەکاربوونی هەڤاڵ ئەبوبەکر، تاچەند لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەیانە لەگەڵ یەکێتی رایگەیاند “هەر چەندە دەستەبەکاربوونی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر وەك پارێزگاری سلێمانی کارێکی ئەرێنی بووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە خاڵەکانی ناو رێککەوتنی ١٧-٥-٢٠١٧ی یەکێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆڕانەوە نییە”.

ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی گۆڕان جەختی لەوە کردەوە، کە رێککەوتن لە سەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای سلێمانی، پەیوەندی بەو رێککەوتنەوە نییە، چونکە ئەوە پێش واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە بووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com