ململانێکانی داوای داعش

0

نوچەنێت-ئاژانسەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە هەموو کاتێک بارگرژی و ئاڵۆزی تێکەوتووە. هەر ململانێیەک گرێدراوی ململانێ و ئەکتەرەکانی دیکەیە. ئەم گرژیانە بە تایبەت لە دوای داعش سەرهەڵدەدات. بە تێکشکانی داعش، وەک هێزێک لە سەر ئەرزی واقع و گەڕانەوەی بۆ فۆرمی هێزێکی یاخی و تیرۆریستی، ئەو سێبەرەی کورت دەبێتەوە، کە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی لە سەر پێکهاتبوو. ئەم قۆناغە بە قۆناغی کۆتایی داعش و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ هەژمار دەکرێت.

 رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای داعش

بە تێکشکانی داعش، چاودێرانی رۆژئاوایی لەبارەی هاوکێشەکانی دوای کۆتاییهاتنی ئەم گروپە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی نوێیان هەیە.

گۆڤاری ئەمریکی نەشناڵ ئینترێست، لە یاداشتێکدا لە نووسینی ست. جی، فرانتزمەن، تیشكی خستۆتە سەر هاوکێشەکانی دوای قۆناغی داعش و نووسیویەتی: شەڕی دژ بە داعش هەڵگری ئەم پەیامە بوو، کە ناکرێ ناوچەکە وەک ناوچەیەکی پێکهاتوو لە کۆمەڵێک وڵاتی سەربەخۆ لێکبدرێتەوە. دیراساتی ئەم رەوشە نوێی بۆمان دەردەخات، کە دۆخی ناوچەکە تا چەند ئاڵۆزە.

تورکیا هێزی لە سوریا جێگیر کردووە. سعودیە و هاوپەیمانانی بەشداری شەڕی یەمەنن و پەیوەندیەکانیان لە گەڵ قەتەر پچڕاندووە. هێزەکانی بەستراوە بە ئێران و گروپە میلیشیاییەکان لە سوریا، رۆڵی هەرە سەرەکییان لە سوریا بینیوە. لە عێراق، ئەم گروپە میلیشیاییانە بوونەتە بەشێک لە هێز ئەمنیەکانی ئەم وڵاتە. داعش ئێستاش لە سوریا، عێراق، میسر و وڵاتانی دیکەی جیهان کەم تا زۆر چالاکە. بە کەوتنی داعش، زنجیەرەیک لە کێشەکان وێنا دەکرێن.

ململانێی ئێران و ئیسرائیل

لە ٢٥ی نۆڤەمبەر، کەناڵی دووی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل رایگەیاند، کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە رێگەی کەسی سێهەم پەیامێکی ئاراستەی بەشار ئەسەد کردووە و پێی راگەیاندووە، کە ئیسرائیل بنکە سەربازیەکانی ئێران لەم وڵاتە دەکاتە ئامانج. هۆشداری هێرشکردنە سەر بنکە سەربازیەکانی ئێران بۆتە رووداوێکی رووتینی رۆژانە لە ئیسرائیل.لە مانگی جولای، دوای هێرشی موشەکی ئێران بۆ سەر داعش لە دێرەزوور، نەتانیاهۆ لە لێدوانێکی هاوشێوەیدا هۆشداری دایە ئێران.

لە بەرامبەردا، ئێرانیش دەربارەی شەڕی ئیسرائیل لە دژی حزبوڵڵای لوبنان هۆشداری دایە تەل ئەبیب. محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسداران، لە ٢٤ی نۆڤەمبەر رایگەیاند، کە هەر جۆرە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا، دەبێتە هۆی رووخاندن و لەناوچوونی ئیسرائیل. لەم قۆناغەدا، پێویست دەکات ئیسرائیل سەرلەنوێ هەڕەشە و مەترسیەکانی ئێران تاوتوێ بکات، چونکە تەنها یەک هێرش بۆ سەر سوریا دەتوانێ ببێتە هۆی روودانی شەڕێکی گەورە لە نێوان تاران و تەل ئەبیب.

ململانێی سعودیە لە گەڵ حزبوڵڵا و ئێران

لە ٤ی نۆڤەمبەر، سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە تەلەفزیۆنی فەرمی سعودیە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند. حەریری گوتی، کە وڵاتەکەی لە لایەن دەوڵەتێکی سێبەر پاوان کراوە، لێرەدا مەبەستی حزبوڵڵای لوبنان بوو. دوای چەند رۆژ، سعودیە هۆشداری دایە سەید حەسەن نەسروڵڵا. دواتر حوسییەکان هێرشی موشەکییان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ریاز. حزبوڵڵا و سعودیە یەکتریان بە دەستپێشخەری  لە دەستپێکی شەڕ تاوانبار کرد. سعودیە لە چەند ساڵی رابردوو، بە شێوەیەکی زۆر توند هێرش و رەخنەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە.

تورکیا، ئەمریکا و رۆژئاوای کوردستان

دوای گفتوگۆی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەر، راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە واشنتۆن پرۆسەی پڕچەککردنی هێزەکانی یەپەگە دەوەستێنێت، بەڵام دواتر رونکردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تورکیا، گوزارشتی لەم بابەتە نەدەکرد. بەڵکو راگەیێندرا، کە پێداچوونەوە بە پاڵپشتی سەربازی بە هاوپەیمانانمان لە سەر خاکی سوریا دەکرێت.

ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، کە لە قۆناغی سەقامگیری لە سوریا نزیک بۆتەوە. ئەمە بەو مانایەیە، کە واشنتۆن دەیهەوێ لە کوردستانی رۆژئاوا بمێنێتەوە. ئەمەش بۆ ئەنقەرە قابلی قبووڵ نییە و ناڕەزایی ئەم وڵاتەی بەدواوە بوو. هەر بۆیە چاوەڕێ دەکرێ ململانێی ئەنقەرە و واشنتۆن لەم بارەوە چڕتر ببێتەوە.

هاوپەیمانی روسیا، ئێڕان، تورکیا و قەتەر

دوابەدوای کۆبوونەوەی سۆچی و بڕیاری تورکیا بۆ رەوانە کردنی هێزی سەربازی و بەرگری لە قەتەر لە مانگی جولای، ئێستا هاوپەیمانییەک لە نێوان تورکیا، روسیا، ئێران و قەتەر، خەریکە شکڵ بگرێت. ئێران و تورکیا، یەک دەنگ دژایەتی گشتپرسی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی سەربەخۆییان کرد. قەتەر لەم ساڵانەی دوایی سەربەخۆ لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو جوڵاوەتەوە و لە گەڵ سعودیە و ئیمارات بە هۆی پشتیوانیەکانی لە حەماس، ئیخوانەکان و کەناڵی جەزیرە، پێکەوە ناکۆکن. تورکیا و قەتەر هەر دوو پاڵپشتی ئیخوانەکانی میسر دەکەن، هاوکات پشتیوانی حزبوڵڵای لوبنانیش دەکەن و ئێران لە بابەتی گەمارۆکانی سەر قەتەر لە لایەن وڵاتانی عەرەبیەوە، یارمەتی ئەم وڵاتەی کردووە.

تورکیا بە هۆی پشتیوانی ئەمریکا لە هێزەکانی یەپەگە، لە ئەمریکا تووڕەیە و بۆ تاوتوێی پرسی سوریا لە مۆسکۆ نزیک بۆتەوە. بە سەرنجدان بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دژ بە ئێران، ئەم چوار وڵاتە بۆ ئەمریکا سەرئێشە دروست دەکەن.

هەرێمی کوردستان و سوریا

لە میانەی جەنگی دژ بە داعش، هێزە کوردیەکان لە سوریا و عێراق، هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا لە دژی گروپە توندڕەوەکان بوون. لە سوریا، کوردەکان کۆڵەکەی سەرەکی شەڕی دژ بە داعش بوون، لە ئەنجامدا رەقەیان کۆنتڕۆڵ کردەوە. سەرباری ئەمەش، ئەمریکا هەوڵی داوە لە نێوان هاوپەیمانی پراگماتیستی خۆی لە گەڵ کوردەکان و هاوپەیمانانی لە بەغدا و ئەنقەرە هاوسەنگییەک پێکبهێنێ. ئەگەر وا لێک بدرێتەوە، کە ئەمریکا هاوپەیمانانی کوردی خۆی لە سوریا و عێراق پشتگوێ خستووە، ئەوە زەبر بە پرستیژی واشنتۆن دەگەیەنێ.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com