نوجەنێت
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی کوردستان بەرهەمداربووە و کاریش بۆ سیاسەتێکی شەفافی دارایی و چاکسازی دارایی دەکەن، تاوەکو ئابووری بەهێز بکەن.
لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی شاندی حکومەت بۆ پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، لەگەڵ پەرلەمانتاران کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداریان ئەنجامداوە.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت کار بۆ سیاسەتێکی شەفافی دارایی و چاکسازی دارایی دەکەن، تاوەکو ئابووری بەهێز بکەن.
رۆژی چوارشەممە 13-12-2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرەکان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆک فراکسیۆنەکان، سەرۆکی لیژنەکانی پیشەسازی و وزە، دارایی و یاسایی کۆبوونەوە.
شاندێکی حکومەت پلانی نوێی بۆ دابەشکردنی مووچە، دۆخی ئابووری و کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان روونکردەوە. بڕیاریشە لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە چاکسازییەکان لە پەرلەماندا دەنگیان لەسەر بدرێت و بکرێنە یاسا بۆ ئەوەی حکومەت مووچەی خانەنشینانی نایاسایی، بندیوار و دوو مووچە چارەسەر بکات.
I, along with Deputy Prime Minister and other members of KRG cabinet, visited Kurdistan Parliament and held a constructive meeting with lawmakers. We are working on a transparent fiscal policy and financial reforms to strengthen our economy. pic.twitter.com/TTAzdGd9N7
— Nechirvan Barzani (@PMBarzani) December 14, 2017