نوچەنێت-هەولیر
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، کە ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لەو کۆمپانیا نەوتییانە کردووە، کە لە کوردستان کاردەکەن، توانای تەواوی خۆیان بۆ وەزارەتەکە دەربخەن، کە دەتوانن رۆژانە چەندە نەوت دەربهێنن و رەوانەی دەرەوەی بکەن.
سەرجاوەکە بە ماڵپەڕی (غەد پرێس)ی عێراقی گوتووە، کە هەورامی بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە سەرجەم کۆمپانیاکانی کەرتی نەوتی کوردستان کردووە بە درێژی رونیبکەنەوە، کە توانای کۆتاییان چەندە و دەتوانن چی بۆ حکومەتی کوردستان بکەن لە دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت.
بە گوتەی سەرچاوەکە ئەو داتایانەی سامانە سرووشتییەکان هاوکات لەگەڵ کۆی داهاتی ناوخۆیی دەدرێنە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دواتر ئەنجومەنی وەزیران بە روونی دەزانێ مانگانە چەندی دەستدەکەوێ.
پێشووتر عەبدولستار مەجید رایگەیاندبوو، کە داهاتی ئێستای کوردستان لە پاش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دابەزیووە بۆ مانگانە ٤٠٠ ملیار دینار.