نوچەنێت
عوسمان حاجی مەحمود، ئەندامی خانەی راپەڕاندن، داوا لەجڤاتی نیشتمانی گٶران دەكات، بڕیاری هەڵپەساردن و سڕكردنی رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی بدات.
عوسمان حاجی مەحمود، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، لە میدیای حزبەکەیەوە، داوا لە جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات، لە كۆبوونەوەی داهاتوویدا بڕیاری هەڵپەساردن و سڕكردنی رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی بدات و دەڵێت “بە پێویستی دەزانم ئەو رێككەوتنە سڕبكرێت تا ئەوكاتەی لای سەركردایەتی و خاوەن بڕیارەكانی یەكێتی ئیرادە و بڕیاری جددی دروست دەبێت، بۆ جێبەجێكردنی”.
هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو رێككەوتنە نزیكەی ١٩ مانگە واژووكراوە یەكێك لە مەبەستە سەرەكییەكانی ئەنجامدانی بریتی بوو لەگۆڕین و رێكخستنەوەی هاوكێشەی هێز لە كوردستان، بەڵام لە ١٧-٥-٢٠١٧ -ەوە رۆژی واژووكردنی رێككەوتنەكەیە، تائێستا هیچكام لەماددەكانی جێبەجێ نەكراوە و لەئێستاشدا ئومێدێك نییە بۆ جێبەجێكردنی.
ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن جەختی لەوەش كردەوە، کە “سڕكردنی رێككەوتنەكە بەمانای كۆتایی هێنان نییە، بە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ یەكێتی، بەڵكو پەیوەندیەكانمان وەكو دوو هێزی سیاسی بەردەوام دەبێت و لەكاتی پێویستدا كۆبوونەوە دەكەین، بەڵام هیچ هۆكارێك نییە بۆ مانەوەی رێككەوتنەكە بەم شێوەیەی ئێستا و ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەش”.
هاوکات عوسمان حاجی مەحمود، بە میدیای بزووتنەوەكەی رایگەیاندووە “سەرەڕای پێشنیاز و داواكردن لەجڤاتی نیشتمانی بەمەبەستی بڕیاردان لەكشانەوە لەحكومەت و بوون بە ئۆپۆزسیۆن، هەرچەندە درەنگ وەختە، بەڵام پێویست و ئیجابییە”.