نوچەنێت
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران رایدەگەیەنێت، پێش 2018 موچەیەکی دیکە دابەشدەکرێت، لەبارەی ساڵی داهاتووش دەڵێت “ئەگەر بەغدا بودجە نەنێرێ، بەو داهاتەی لە ساڵی 2018 دەستمان دەکەوێت ناتوانین مانگانە و لەکاتی خۆیدا موچە بدەین”.
رۆژی چوارشەممە 13-12-2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک وەزیر و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆک فراکسیۆنەکان، سەرۆکی لیژنەکانی پیشەسازی و وزە، دارایی و یاسایی کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا، وێڕای رونکردنەوەدان لەبارەی دابەشکردنی موچە و پێداچوونەوە بە ناو و موچەی خانەنشینان، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانیان دایەوە.
سەرەتا ئامانج رەحیم رایگەیاند “سندوقی خانەنشینی کارادەکرێتەوە، هەروەها پێداچوونەوە بە خانەنشینی پلە تایبەتەکان دەکرێت و کەسانێک زۆر بە نایاسایی خانەنشینکراون، بۆنموونە کۆمەڵە کەسانێک، کە خەڵکی شۆڕشگێڕبوونە بە پلەی وەزیر خانەنشینکراون، ئەوان مافی خۆیانە خانەنشینییەکی شایستە وەربگرن، بەڵام بە پلەی وەزیر نا، بەبێ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان وەزیر بووبن”.
لەبارەی دابەشکردنی موچە، ئامانج رەحیم پشتڕاستیکردەوە، کە پێش 2018 موچەیەکی دیکە دابەشدەکرێت، لەبارەی ساڵی داهاتوو گوتی “لە کۆبوونەوەکەدا دوو ئەگەر باسکران، یەکەمیان ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێکبکەوین و بەغدا موچە بنێرێ، دووەمیان ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێکنەکەوین و بە داهاتی خۆمان موچە دابین بکەین، لە هەردوو بارەکەشدا گۆڕانکاری دەکرێت”.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە، کە پێداچوونەوەی راستەقینە بە لیستی موچەخۆراندا دەکرێت و گوتی “کاتی ئەوە هاتووە چاکسازییەکی گەورە و جددی لە لیستی موچەخۆراندا بکرێت، ئەگەر چاکسازییەکە ئەنجامبدرێ دەتوانین بە 400 ملیار دینارەکە موچە بدەین”.
ئامانج رەحیم گوتیشی “ئەگەر حکومەتی عێراق بودجە نەنێرێ، بەو داهاتەی لە ساڵی 2018 دەستمان دەکەوێت، ناتوانین مانگانە و لەکاتی خۆیدا موچە دابین بکەین، ئەگەر بەغداش شایستە داراییەکان بنێرێ بەدڵنیاییەوە بارودۆخمان باش دەبێت”. رەتیشیکردەوە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باسی ئەوە کرابێت لە 2018 بە دوو مانگ موچەیەک دابەش بکرێت.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران گوتیشی: “لە کۆبوونەوەکەدا هەموو ئەگەرەکان لەبارەی دابینکردنی بودجە و مووچە تاوتوێکران”. ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەیاسایەک لەبارەی مووچە و خانەنشینان دەنێرنە پەرلەمانی کوردستان. ئامانج رەحیم ئاشکراشیکرد کە پێداچوونەوە بە زیادکردنی باج لە سەرجەم کەرتەکان دەکرێت و کەمدەکرێنەوە.
لەبارەی بەغدا ئامانج رەحیم ئاماژەی بەوەدا کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکدەنگن و دژی پڕۆژەیاسای بودجەی 2018ی عێراقن. گوتیشی: “کێشەی گەورەمان لەگەڵ بەغدا جێبەجێکردنی دەستوورە”.
هاوکات شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: “هەوڵەکانمان بۆ ئەوەن بەزووترین کات مووچە دابینبکرێت، بەڵام نابێت مووچەخۆری راستەقینە بکرێتە قوربانی مووچەخۆری وەهمی و کەسانێک کە بە نایاسایی مووچە وەردەگرن”.
شێرکۆ جەودەت ئاشراشی کرد کە بۆ پرسی بودجە و چارەسەرکردنی کێشەکان شاندێک لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی پەرلەمانی عێراق دەکات