نێچیرڤان بارزانی: راهێنان دەکەینە ستراتیژ و گۆڕانکاری لەوێوە دەستپێدەکات

0

نوچەنیت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجییەتی راهێنان بکاتە ستراتیژی و لە چوارچێوەی پەرەپێدانی مرۆییدا جێگەی خۆی بگرێت، چونکە گۆڕانکاری لەوێوە دەستپێدەکات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 12-10-2017 لە رێوڕەسمی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی ئەنستیتۆی کوردستان بۆ کارگێڕی گشتیی گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند “ئەنستیتۆی کوردستان هاوکارێكی سەرەکی حکومەتە، راهێنان دەکاتە ستراتیژی بۆ پێشخستنی حکومەت و ئاستی کارگێڕی لە دامەزراوەکانی حکومەت بەرزدەکاتەوە”.

پڕۆژەی بنیاتنانەوەی ئەنستیتۆی کوردستان، بەهاوبەشی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور جێبەجێکراوە، لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: “کۆریای باشوور بەردەوام سەلماندوویەتی کە دۆستی گەلی کوردستانە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەمیشە دەستی دۆستایەتی بۆ هەرێمی کوردستان درێژکردووە، گەلی کوردیش هەمیشە هاوکارییەکانی کۆریای باشوور لەبەرچاودەگرێت و هیچکات لەبیریان ناکات”.

دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی:

بەخێرهاتنی تایبەتی سۆنگ وینگ یوب، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق و بەڕێزان کونسوڵی گشتیی کۆریا لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسی ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی کۆریا KOICA لە بەغدا دەکەم، هەروەها بەخێرهاتنێکی گەرمی پرۆفیسۆر پارک دەکەم کە لە سیئۆلەوە بەتایبەتی بۆ ئەو مەراسیمە تەشریفی هێناوە.

بەڕێزان لە دونیای ئەمڕۆدا پەرەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکان گرنگن بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن لەسەرجەم سێکتەر و جوومگە سەرەکییەکان بەتایبەتی لە بوارەکانی حکومڕانی کارگێڕیدا، چونکە گۆڕانکاری و پێشکەوتنی ریشەیی، هەر لەوێوە سەرچاوەدەگرێت و دواجار دەرئەنجامەکانی لە بەرەوپێشچوونی سەرجەم سێکتەرەکانی وەکو کارگێڕی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا دەردەکەون.

بۆ هەبوونی سەرچاوەی مرۆیی، لێهاتوویی و بەتوانایی ئەو سەرچاوەیە زۆر زۆر گرنگە، یەکێک لە پایە سەرەکییەکان بۆ دروستکردنی سەرچاوەیەکی مرۆیی بەهێز بریتییە لە راهێنان کە مەبەست لێی بەهێزکردنی کارمەندە بە زانیاری و مەعریفەی تازە لە بوارەکەیدا، تاوکو دەستنیشانکردن و کار بۆ بەدیهێنانیان دەکات، زانیارییەکان، رۆژ بەڕۆژ لە گۆڕان و پێشکەوتندان، بۆیە تاوەکو حکومەت و دامەزراوەکانی بتوانن لەگەڵ رەوتی حکومڕانی باشی سەردەمدابن، پێویستە راهێنان بکرێتە ستراتیژ و لە چوارچێوەی ستراتیژی پەرەپێدانی مرۆیی وڵاتدا جێگەی خۆی بگرێت، جگە لەوەش هەموو پێداویستییە ماددی و مەعنەوی و هونەرییەکانی بۆ فەراهەمبکرێت و هەموو لایەک پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی یاسا و رێنمایی تایبەت بە راهێنانەوە بەمەبەستی پەرەپێدانی هزر و توانای هونەری و کارگێڕی لەسەر بنەمای سەردەمیانەدا.

بەڕێزان…

حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەن سەرمایەیەکی دەوڵەمەندی مرۆییە لە پسپۆری و تایبەتمەندی بوارەکاندا دەوڵەمەندە و ئەقڵی لێهاتووی هەیە، ئەگەر ئەو دەوڵەمەندییە بە شێوازێکی زانستی و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان ئامادەبکرێت و ئاراستەبکرێت، لە هەموو بوارەکاندا سوودێکی زۆر بۆ کاراترکردن و چالاککردنی کارمەندان، کادیران، فەرمانگەکان، دامەزراوە حکومییەکان و هەموو بوارەکانی کارگێڕی و پێشکەشکردنی باشتری خزمەتگوزاری دەبێت.

بەپێی ئەو ئەزموونەی تائێستا ئەنستیتۆی کوردستان بۆ کارگێڕی گشتی پێشکەشی کردووە، چاوەڕوان دەکرێت و ئومێدمان زۆرە لە دەستبەکاربوونی ئەو باڵەخانە تازەیە، کە لێرەوە کاریان دەستپێدەکات، ببێتە سەرەتایەکی تازە بۆ سەرەتایەکی تازەی بەرهەمدارتر لە بواری کارگێڕیدا و بتوانن باشتر هاوکاری پلانی حکومەت بکات بۆ ئامادەکردن و ئاراستەکردنەوەی توانا مرۆییەکان، تاوەکو حکومەت بتوانێت ئەو دەوڵەمەندییە مرۆییەی خۆی باشتر بەکاربهێنێت.

ئەنستیتۆی کوردستان بۆ کارگێڕی گشتی کە لەگەڵ پێکهاتنی کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە دەزگایەکی حکومی سەر بە وەزارەتی پلاندانان، سەرەتا وەک رێکخراوێکی ناحکومی ساڵی 2005 مۆڵەتی کارکردنی وەرگرت و لە ئەنجامدانی خولی راهێنان و وۆرکشۆپ و سمیناردا بۆ ئاستە جیاجیاکانی کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وەک ئایتی، کارگێڕی و دارایی و بوارەکانی دیکەدا دەستی بە کارەکانی کردووە، لەگەڵ ناوەند و دەزگا و رێکخراوەکانی ئەو بوارەدا لە هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەش هاوکاری و هەماهەنگی کردووە بۆ ئەوەی لە زۆر بواردا خولی راهێنان و وۆرکشۆپ بکاتەوە و سوود بە بەرزکردنەوەی ئاستی کارگێڕی وەزارەت و دەزگاکانی حکومەت بگەیێنێت، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تاوەکو ئێستا بە هەزاران کارمەندی حکومی لە پۆست و پلەی جیا لە بوارە جیاجیاکاندا بەشدارییان لە خول و وۆرکشۆپەکاندا کردووە و بە زانیاری تازە و پێشکەوتنە کارگێڕییەکان دەوڵەمەندکراون.

ساڵی 2013 بەپێی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆریای باشوور لەڕێگەی ئاژانسی کۆریا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی KOICA پڕۆژەی بنیاتنانەوەی ئەنستیتۆی کوردستان بە بڕی 6 ملیۆن دۆلار واژۆکرا، ئەوەش بۆ نووسینەوەی رەشنووسی یاسا و ستراتیجییەتی راهێنان بۆ هەرێمی کوردستان و ئامادەکردنی ستافی لێهاتوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەنستیتۆ بوو، لەو پێناوەشدا فەرمانبەرانی ئەنستیتۆی کوردستان بۆ کارگێڕی گشتی لە کۆریای باشوور بەشێوەیەکی چڕوپڕ وەکو راهێنەر ئامادەکران، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی ئەو باڵاخانەیە، بۆ ئەوەی ببێتە سەنتەری تازەی ئەنستیتۆی کوردستان بۆ کارگێڕی گشتی، کە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بۆ راهێنان ئامادەکراوە.

لێرەدا دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم پێشکەش بە دۆستان و هاوکارانمان لە کۆریای باشوور و ئاژانسی KOICA و نووسیگەکانیان لە بەغدا و لە هەرێمی کوردستان بکەم کە رۆڵی سەرەکییان لە سەرکەوتنی ئەو پڕۆژەیەدا هەبوو.

کۆریای باشوور بەردەوام سەلماندوویەتی کە دۆستی گەلی کوردستانە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەمیشە دەستی دۆستایەتی بۆ هەرێمی کوردستان درێژکردووە.

دەمەوێت لەو بۆنەیەدا کە ئەم پڕۆژەیە دیسان لەلایەن کۆرییەکانەوە جێبەجێکراوە، بەبیری خۆمان بهێنینەوە بۆ ئەو هەموو هاوکارییەی کە تیپی زەیتوونی سەربازی سەر بە کۆریا لە کوردستان و بەتایبەتی لە هەولێر پێشکەشیان کردووە، دوای چەندین ساڵ تێپەڕبوون، دیسانەوە لێرەوە بەناوی گەلی کوردستان و بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان سڵاو و رێزی خۆمان بە یەکە یەکە ئەو سەربازانە دەنێرین ئەوانەی لەو کاتەدا هاتن بۆ هەرێمی کوردستان کە لە سنووری 4 هەزار کەسێک دەبوون، بەڕاستی لەماوەی مانەوەیان لە هەرێمی کورستان بەتایبەتی لە پارێزگای هەولێر پڕۆژەی زۆریان ئەنجامدا، دیسانەوە بەناوی گەلی کوردستان و حکومەت لێرەوە سڵاو بۆ یەکە یەکەی ئەو سەربازنە دەنێرین و دەستخۆشییان لێدەکەین و سوپاسیان دەکەین بۆ هەموو ئەو هاوکارییانەی کە کردوویانە، دڵنیایان دەکەینەوە لەوەی کە گەلی ئێمە ئەو هاوکارییانەی لەبیرە و قەت لەبیریشی ناچێت.

سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانان و ستافی وەزارەت دەکەم، کە بەردەوام لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا کاری جددییان کردووە بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە، هیوادارم ئیدی ئەنستیتۆی کوردستان بۆ کارگێڕی گشتی ببێتە ناوەندێکی درەوشاوەی پێگەیاندنی کادیران و کارمەندانی حکومەت و پەرەپێدانی کارگێڕی و هەموو بوارەکانی دیکەی حکومەت لەپێناو باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.

پیرۆزبایی لە ئەنستیتۆی کوردستان بۆ کارگێڕی گشتی دەکەم بۆ دروستکردنی ئەو باڵەخانەیە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، چاومان لەوەیە دەستبەکاربوونیان لەو باڵەخانە تازەیەدا گڕ و تینێکی زۆرتر بە کارەکانیان بدات و چالاکی زیاتر و بەرهەمی باشتر پێشکەش بە هەرێمی کوردستان بکەن، داوایان لێدەکەم لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ناوەند و دەزگا هاوبەشەکانیان لە جیهان بەردەوامبن، تاوەکو ببنە پردێکی دیکەی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە.

ئێوەش ئامادەبووانی بەڕێز دووبارە هەموو لایەکتان بەخێربێن و هیوای رۆژێکی خۆشتان بۆ دەخوازم و سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com