نوچەنێت
ژمارەیەك چالاكی مەدەنی و رۆشنبیر و كەسایەتی كوردستان، كەمپینێكیان بۆ داكۆكیكردن لە خورماتوو پێكھێناوە و یەكێك لە رێكخەرانی كەمپینەكەیش رایدەگەیەنێت، “عەبادی” لە جوڵاندنی هێز لە کێشە ناوخۆییەکان دەستووری عێراقی پێشێل كردووە.
بەھرە حەمەڕەش، رێكخەری كەمپینی داكۆكیكردن لە خورماتوو، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، “گەلی كوردستان ئەمڕۆ لە ناوچەكانی خورماتوو- كەركوك لە بەردەم ھەڕەشەی تیرۆر و جینۆسایددایە، ماوەی سێ ساڵیشە لە خورماتوو تاوان بەرانبەر خەڵكی سڤیلی كورد ئەنجام دەدرێت. تا ئێستا زیاتر لە ١٦٨ ھەزار و ٣٧٢ كەس لە كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری بە ھۆی توندوتیژییەوە ئاوارە بوون. هەروەها زیاتر لە ٨ھەزار خێزان تەنیا ئاوارەی خورماتوون، كە ئێستا لە دۆخێكی ناھەمواردان و بە بێ ھەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەكان، ژیان بەسەر دەبەن”.
وەك رێكخەری كەمپینی داكۆكیكردن لە خورماتوو ئاماژەی پێدا، “داوا لە پەرلەمانی عێراق و دادگای ئیتیحادی دەكەین، كە دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم پرسانە بكاتەوە، لێپرسینەوە لەو لادانانەی “حەیدەر عەبادی” لە دەستووری عێراق بكات، ھاوكات داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە مرۆییەكان دەكەین، بە ھانای خەڵكەوە بچن و سنوور بۆ دەستدرێژییەكانی میلیشیا و ھێزە چەكدارەكانی حكومەتی عێراق بەرانبەر بە خەڵكی سڤیل دابنێن”.
رێكخەرەكەی كەمپینی داكۆكیكردن لە خورماتوو دەڵێت، ئێمە لە كەمپینی داكۆكیكردن لە خورماتوو، چوار خاڵمان بۆ رای گشتی خستووەتەڕوو، كە بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:
1- “حەیدەر عەبادی” دەستووری عێراقی پێشێل كردووە، بەوەی، كە بۆ كێشە ناوخۆییەكان ھێزی سەربازیی دژی خەڵكی كوردستان بەكار ھێناوە، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا كوردستان، بەشێكە لە عێراق.
2- ھێزی عێراقی، بە فەرمانی “حەیدەر عەبادی” جوڵێنراوە و تاوانی دژەمرۆییان لە خورماتوو و كەركوك ئەنجام داوە. كوشتن، تاڵانكردن، سووتاندن و تەقاندنەوەی خانوو و ئاوارەكردنی خەڵك لە ماڵوحاڵی خۆیان، بەشێكە لەو تاوانانە.
3- عەبادی ھێزی پێشمەرگەی بە داعش چواند، لە كاتێكدا پێشمەرگە رۆڵی سەرەكی لە پاراستن و رزگاركردنی خاكی عێراقدا ھەبووە و شەڕی دژی تیرۆری كردووە.
4- دادگای عێراق بڕیاری داوە، كە ھەموو ئەو بڕیارانەی لە دەرئەنجامی ریفراندۆم دراون ھەڵبوەشێنەوە، بەڵام تا ئێستا “حەیدەر عەبادی” پێیەوە پابەند نەبووە.