حەشدی شەعبی دوو پێشمەرگەی رۆژهەڵات بێسەروشوێن دەکات

0

نوچەنێت

بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ھەولێر ئاشکرای کرد، ماوەی زیاتر لە 20 ڕۆژە، دوو پێشمەرگەی ئەو حزبە لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە ڕفێندراون و ھیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسیان نییە.

 سکرتاریەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئەو دوو پێشمەرگەیان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ھاتووە “ئەو دوو پێشمەرگەیە ھیچ یاسایەکی ھەرێمی کوردستان، یا خود ھیچ یاسایەکی عێراقیان پێشێل نەکردووە و ھیچ پاساوێکیش بۆ دەستگیرییان نییە و دەبێت ئازاد بکرێن”. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ساڵح شەریفی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ھەولێر لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو دوو پێشمەرگەیان راگەیاند: رۆژی 17/11/2017 دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە بەناوەکانی “رەشید ئەفشاری و سەعدی موعەزز” لە شاری سلێمانییەوە و بە ڕێگەی چەمچەماڵ و کەرکوکدا بەرەو ھەولێر لە ڕێگەدا بوون، بەڵام لە نزیک کەرکوک، لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە دەستگیر کراون و ھاوکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری “پیکاب”دا گیراوە و لەو کاتەوە ھەتا ئێستا ھیچ ھەواڵ و زانیارییەک لەبارەی چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە دەڵێت “ئەو دوو پێشمەرگەیەی کۆمەڵە بە کاروباری حزبی بەرەو ھەولێر ھاتوون و ھیچ ھەڵە و تاوانێکیان نەکردووە و لەبەر ئاگادار نەبوون لە دۆخی ڕێگەکە، بە بازگەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا ھاتوون و باس لەوە دەکرێت، کە گوێزراونەتەوە بۆ بەغدا و وێڕای ئەوەی بەدواداچوونمان بۆ کردوون، بەڵام ھەتا ئێستا ھیچ ھەواڵێکمان لێیان نییە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com