بەیاننامەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەبارەت بە نکوڵیکردن لە قوربانییەکانی پێشمەرگە

0

نوچەنێت

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغدا لەبارەی لەبەرچاونەگرتنی رۆڵی پێشمەرگە لەشەڕی داعش، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەیاننامەکەیاندا دەڵێن، جارێکی تر توشی شۆک بووین، بە رەفتاری بەڕێز سەرۆک وەزیران، کە لە کاتێکدا ناوی هەموو پێکهاتەکانی سیستەمی ئەمنیی عێراقی هێنا، جگە لە هێزەکانی پێشمەرگە. دەشڵێن “بۆ کردنە ئامانجی پرۆژەی فیدراڵیزم و هاوبەشیی راستەقینەی نێوان پێکهاتەکانی عێراق”.

دەقی بەیاننامەکە:

جەماوەری سەربەرزی گەلەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە

ئەمڕۆ بە گرنگیپێدانەوە گوێمان رادێرا بۆ بەڕێز حەیدەر عەبادی، تاکو لەبری هەموومان گوتارێک بخوێنێتەوە و هەموو عێراقییەکان پێکەوە جەژنی سەرکەوتن بگێڕین بەسەر باندەکانی تیرۆر و تاوان و لەنێوبردنیان لەسەر خاکی عێراق، کە بێگومان رۆژێکی خۆش و مێژووییە لە رۆژە نەمرەکانی عێراق.

بەڵام جارێکی تر توشی شۆک بووین بە رەفتاری بەڕێز سەرۆکوەزیران، کە لە کاتێکدا ناوی هەموو پێکهاتەکانی سیستەمی ئەمنی عێراقی هێنا، جگە لە هێزەکانی پێشمەرگە، کە پێکهاتەیەکی سیستەمی بەرگری عێراقییە، کە پێنەزانینێکی ئاشکرایە بە قوربانییەکانی دەیان هەزار شەهید، بریندار و دەستگیرکراو و قوربانی دیکەی پێشمەرگە، کە بە خوێنی پاکیان لاپەڕەکانی سەربەرزی و شەرەفیان نووسییەوە لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و رماندنی قەڵا و حەشارگەکانیان و بەخشینی رووبارێک لە خوێن و چیایەک لە لاشەیان لە رێگەی بەرگریکردن لە سەرجەم عێراقییەکان و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی، کە کشانەوەی یەکەکانی سوپا درووستیکرد، لە یەکەم شۆکی دەسترێژی رەشی تیرۆریزم بۆ سەر شارەکانی عێراق.

ئێمە لەم رۆژەدا لە کاتێکدا سەرکۆنەی ئەم هەڵوێستە دەکەین، کە پێویستە راستبکرێتەوە و پۆزشی لەبارەوە بهێنرێتەوە، هەڵویستی بەڕیز سەرۆکوەزیران بەبیردەهێنینەوە لە پرسی بودجە و ئەو نادادپەروەرییەی، نەک هەر لە بەرامبەر پێشمەرگە، بەڵکو لە بەرامبەر هەموو هاولڵاتیانی هەرێم و هیوادارم هەڵوێستی جودا بن، نەک لە جوارچێوەی سیاسەتێکدا بن بۆ کردنە ئامانجی پرۆژەی فیدراڵیزم و هاوبەشیی راستەقینەی نێوان پێکهاتەکانی عێراق، چونکە ئەوە رێبازێکە ناگونجێ لەگەڵ عێراقی نوێ و ئەو دەستوورەی دەنگمان پێ داوە، دەبیتەهۆی دووبەرەکی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق، تکاش دەکەین، لاپەڕە کۆنەکان لەبیر بکرێن و بەسەر هەڵەکاندا زاڵ ببین و متمانە بنیاتبنێین لە رێگەی هەڵوێستی ئەرێنی ئەوتۆ، کە رەنگدەرەوەی گیانی هاوبەشێتی و یەکسانی و دەوڵەتی هاوڵاتیبوون و دادپەروەریی بن.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

فراکسیۆنی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان

فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان

فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی

١٠-١٢-٢٠١٧

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com