
سوپای ئێران: کۆشکی خەونەکانی بارزانی دەڕووخێنین
نوچەنێت . گەلیار
ئا: محەمەد حەسەن
دوای ئەوەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند ژمارەیەک کەسی سەر بە دەزگا ھەواڵگریەکانی ئیسرائیلی دەستگیر کردوە کە دەستیان ھەبوە لە کوشتنی زانا ئەتۆمیەکانی ئەو وڵاتە، بەشێک لە راگەیاندنەکانی سەربەباڵی توندرەوی دەسەڵاتی ئێران و نزیک لە سوپای پاسداران ھێرشێکی بەربڵاویان بۆ سەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەست پێکردوە و بە ھاوکاری کردنی دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل تۆمەتباریان کردوە.
سەرەرای ئەوەی چەندین جار بەپرسانی ھەرێمی کوردستان رایانگەیاندوە ھیچ جۆرە بنکەیەکی سەربازی و ھەواڵگری ئیسرائیل لە ھەرێمی کوردستان بوونی نییە و ھەر جۆرە پەیوەنیەکیشیان لە گەڵ ئیسرائیل رەتکردوەتەوە بەڵام جارێکیتر ھەندێک دەزگای راگەیاندنی سەربەدەسەڵاتی ئێران حکومەتی ھەرێمیان نەک ھەر بەو جۆرە پەیوەندنیە بەڵکو بە ھاوکاریکردنی ئیسرائیل لە کوشتنی زانا ئەتۆمیەکانی ئێران تۆمەتبار کردوە.
لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بە دەرکردنی دوو بەیاننامە باسی لەوەکردبوو کە نزیکەی ٢٠ کەس لە ئەفسەرانی دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل و دەستوپێوەندە ئێرانیەکانیان دەستگیرکردوە کە بەشداربوون لە کوشتی سێ پسپۆڕی ئەتۆمی ئێران و ھەوڵیشیان داوە چەندین کردەوەی توندوتیژی لەو وڵاتە ئەنجام بدەن.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران باسی لەوەشکردبوو کە لە ھەرێمێکی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ و لە وڵاتێکی دراوسێی باکوری ئەو وڵاتە مەشق و راھێنان بە کەسانی سەر بە موساد دەکرێت و ئاسانکاریان بۆ دەکرێت تا بچنە ناو خاکی ئێرانەوە.
ئیتلاعات بە بێ ئەوەی زانیاری زیاتر بخاتە روو رایگەیاندوە لە ماوەی داھاتوودا وردەکاری زیاتر لەو بارەوە بڵاودەکەنەوە.
لە گەڵ ئەوەشدا کە راستەوخۆ ناوی ھەرێمی کوردستان لەو بەیاننامەی ئیتلاعاتدا ئاماژەی پێنەکراوە بەڵام زۆربەی چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئازەربایجان ئامانجی سەرەکی ئێران بن.
ھەر زوو دووای ئەو بەیاننامەیە سایتەکانی بوڵتەن نیوزی سەر بە سوپای پاسداران و سایتی رەجا نیوزی سەربە باڵی توندرەوی دەسەڵاتی ئێران ھێرشێکی بەربڵاویان لە دژی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان دەست پێکرد و بە گۆڕەپانێک بۆ ھاتووچۆ و مۆڵدانی ھێزەکانی دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل –موساد- ناویان برد.
سایتی بوڵتەن نیوز بە ئاماژەدان بە بابەتێکی رۆژنامەی (مێلەتێ ما) ئەوەی خستوەتەروو کە تا ئێستا پرسی شوێنی مەشق و راھێنان بە تیمەکانی سەر بەموسادی ئیسرائیلی بە ناروونی ماوەتەوە بەڵام دوور نییە ئەو شوێنە ھەرێمی کوردستان بێت.
ئەو سایتە نوسیویەتی ئیسرائیل نەک ھەر پەیوەندیەکی تۆکمەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم ھەیە بەڵکوو تەنانەت بنکەی سەربازیشی لەو ھەرێمە کردوەتەوە.
سایتەکە بە پشت بەستن بە بابەتێکی رۆژنامەی لۆفیگارۆی فەرەنسی جەختی لەوە کردوەتەوە ئیسرائیل پەیوەندی بەو کوردانەی رۆژھەڵاتی کوردستانەوە کردوە کە نیشتەجێی ھەرێمی کوردستان و بە رێگای ئەوانەوە زانیاری گرینگی سەبارەت بە ئێران کۆکردوەتەوە کە بریتین لە زانیاری سەربازی و وردەکاری لە سەر بەرنامەی ئەتۆمی و زانا ئەتۆمیەکانی ئێران.
سایتی بوڵەتن نیوز رایگەیاندوە پەیوەندی کورد و ئیسرائیل بۆ سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی دەگەڕێتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە و لەو چوارچێوەدا وتووێژێکی گۆڤاری لڤین لە گەڵ عیرفان قانعی فەرد و کتێبێکی ناوبراو بە بەڵگە ھێناوەتەوە.
سایتی رەجا نیوزی سەربە باڵی توندرەوی ناودەسەڵاتی ئێرانیش لە بابەتێکدا لە ژێر ناونیشانی “رۆڵی ئاشکرای ھەرێمی کوردستان لە کوشتنی زانا ئەتۆمیەکانی ئێران” بەپشت بەستن بە بەیاننامەی ژمارە دووی ئیتلاعات کە تێیدا ئاماژە بە رۆڵی ھەرێمێک لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ دراوە لە ھاوکاری کردنی تۆڕە سیخۆڕی و سەربازیەکانی ئیسرائیل و داوایکردوە کاربەدەستانی حکومەتی ئێران رێوشوێنی پێویست لەو بارەوە بگرنە بەر.
شایانی باسە لە بڕگەی (د)ی بەندی دووی بەیانامەی ژمارەی دووی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بەم شێوەیە باسی ھەرێمێک کراوە لە رۆژئاوای ئێران ئەوەش ناراستەوخۆ مەبەست لێی ھەرێمی کوردستانە:
“شوێنی مانەوەی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی موساد لە ھەرێمێکی ھاوسنوور لە گەڵ ئێران و بنکەی مەشق و راھێنانەکانی دوژمنی زایۆنی (ئیسرائیل) لەو ھەرێمە دەستنیشان کران. ھەروەھا ژمارەیەک لە فەرماندەکانی دەستەی تیرۆرەکان وەک پلان داڕێژەران و بەرپرسانی راھێنانی سەربازی دەستبەسەرکران و ئەو کەسانەی ئەرکداربوون بە پەیوەندی تەکنیکی و ئەوانەشی بەرپرسیارەتی گواستنەوەی کەس و کەرەستەکانیان لە سنوری رۆژئاوای ئێرانەوە لە ئەستۆبوو ناسرانەوە (کە بریتی بوون لە ھێزەکانی موساد و ئەندامانی دەزگای ھەواڵگری ھەرێمی ئاماژەبۆکراو و قاچاخچیەکانی ھەرێمەکە)…”
ھەمان سایت لە بابەتێکی تردا کە باسی لە دەنگۆی جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە عێراق و راگەیاندنی سەربەخۆیی کردوە تیشکی خستوەتە سەر پشتیوانی و ھاندانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و تورکیا بۆ ئەو کارە.
یەکێک لە ھۆکارەکانی پشتیوانیکردنی ئیسرائیلی لە راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان بۆ ئەوە گەڕاندنوەتەوە کە لە شوێنێکی پارێزراودا بتوانێت بە ئاسانی ھێزی ھەواڵگری خۆی جێگیر بکات و لە دژی ئێران بیانخاتە کار، لەوانە سیخۆڕی کردن بە سەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران و راھێنانی کوردەکان بۆ ئەنجامدانی کردەوی تێکدەری لە دژی ئێران.
ھەر لەو بارەوە سایتی بولتەن نیوز بە زمانێکی توند ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان کردوە و نوسیویەتی”جێگای ھیچ گومانێک نییە کە بارزانی لە ھەوڵی ئەوەدایە بەرێگای ئەمریکا و ئیسرائیل ئامانجە دوور و درێژەکانی خۆی بەدەست بھێنێت، بێ ئاگا لەوەی کە پاراستنی ئاسایشی ئێران تەنیا لە چوارچێوەی سنورەکانی خۆیدا قەتیس نامێنێت و ھەرکات پێویست بکات بە پێی ستراتیژی لۆژیکی “ھەڕەشە لەبەرامبەر ھەڕەشە” لە دەرەوەی سنورەکانیشی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەستەبەر دەکات و لە چاو تروکاندنێکدا کۆشکی ئاواتە دورودرێژەکانی بارزانی دەڕوخێنێت.
سەبارەت بەو تۆمەتانەی لە لایەن راگەیاندنەکانی ئێرانەوە ئاراستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە ھادی سوفی زادە چاودێری سیاسی لە لێدوانێکدا بۆ نەوا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئێران رووبەرووی چەندین قەیرانی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە و بۆ دەرچوون لەو دۆخە قەیرانەکە بگوازێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و ئەوەشی بە شتێکی نوێ نەزانی، ئەوەشی خستەڕو کە ئەو قەیرانەی کە ئەمڕۆ دەستی پێکردووە یان بوترێت ئەو پلانانەی کە لە دژی ھەرێمی کوردستان دادەڕێژرێت چ لە فەزای میدیادا یان بەشێوەی عەلەنی کە مێژوی کۆنی ھەیە.
ئەو چاودێرە سیاسیە تەنانەت پێشیوایە ئامانجی سەرەکی حکومەتی تاران لە ھێرشی ساڵی رابردوو بۆ سەر پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک، تەنھا بیانوو بوو لەڕاستیدا ھەڵمەتەکە لەدژی ھەرێمی کوردستان بوو، ئەگەر لایەکی دیکەی بابەتەکە لێکبدەینەوە ھەمان ئەو سیاسەتانەی کە کۆماری ئیسلامی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان پیادەی دەکات ھەمان ئەو سیاسەتانەش لە ئازەر بایجان پیادە دەکات.
ھادی سوفی زادە ئەوەشی ئاشکرا کرد” بەرپرسی پلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەگشتی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان کەسێکە بەناوی حاجی ئاغا محەمەدی کە لە ھەریچمی کوردستان بە حاجی مەتەری ناسراوە وە زۆربەی ئەو پلانانەی کە بەڕێوەی دەبەن وەک ئەوەی کە بیانەوێ ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئازەربایجان وەک دوو وڵات کە ئیسرائیل و جولەکە لەوێ ھێلانەیان کردبێ و پلان لە دژی ئێران دەگێڕن.
ئەو چاودێرە سیاسیە بڕوای خۆشی نیشاندا کە ئێران خۆی بۆ ھەر ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو لە سوریا ئامادەدەکات و ھاوکات لە گەڵ دەستپێکردنی ئەو ھەڵمەتە راگەیاندنیەش جموجوڵێکی سەربازی لەسەر سنورەکان دەستپێکردوە.
وتیشی ئێران چەند ساڵێکە ھەوڵیش ئەدات بە رێگای راگەیاندنەوە درز بخاتە ناو ریزەکانی باشوری کوردستان و لەو چوارچێوەشدا ھەڵمەتێکی ناشیرین کردنی لە دژی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەستپێکردوە.
شایانی باسە لەماوەی رابردوو جارێکیتر سەید عەزیم حوسەینی کونسولی ئێران لە ھەولێر ئەو تۆمەتانەی دووبارە کردبوەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھاوشێوەی چەندین جاری پێشتر رەتی کردبوەوە پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیلدا ھەبێت.