تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئومێد ده‌كه‌ین كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به زووی ببه‌ستین و به یه‌كگرتووی به‌ره‌و كۆنگره بچین.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و دیاریكردنی ڕۆژی كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌ی رایگه‌یاند: له ئێستادا كاك كۆسره‌ت له ده‌ره‌وه‌یه بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی؛ هه‌ركات باری ته‌ندروستی باشبوو و گه‌ڕایه‌وه كوردستان، كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تی ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه و بەڕێزیان سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌كات.
سه‌باره‌ت به پێشنیاری سه‌رپه‌رشتی كردنی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌لایه‌ن مسته‌فا چاوڕه‌شه‌وه، وه‌ك به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ناوبراو گوتی، راسته من به ته‌مه‌ن له هاوڕێكانم له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی گه‌وره‌ترم، به‌ڵام هه‌تا كاك كۆسره‌ت باری ته‌ندروستی باش نه‌بێت، به جوانی نازانم كارێكی وه‌ها بكه‌م.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، ته‌نها به مه‌رجی رازیبوونی كۆسره‌ت رەسول و هه‌موو ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئاماده‌م سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی بکەم، كه كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بێت هه‌موو یه‌كێتییه‌كان یه‌كبخات و یه‌كده‌نگبن له‌سه‌ری؛ ئه‌گینا به پێچه‌وانه‌وه تاقه‌تی سه‌رئێشه‌م نییه.
له‌باره‌ی ته‌ندروستی كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتییەوە ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ته‌ندروستی باشه و هه‌ندێ نه‌شته‌رگه‌ری و چاره‌سه‌ری ماوه، خۆم دوێنی قسه‌م له‌گه‌ل كرد و كوڕه‌كه‌شم ناردووه بۆ لای لە ئه‌ڵمانیا، هه‌ركات باری ته‌ندروستی كاك كۆسره‌ت باش ببێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان.