نوچەنێت
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دوای تەواوبوونی رێوشوێنی ئیداری، لەچەند رۆژی داهاتوودا دەستدەكرێت بەخەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیاران.
مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە فەیسبووکی خۆی رونكردنەوەیەكی لەبارەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند “لەبارەی دەنگۆی خەرجنەكردنی پارەی جوتیارانی هەرێم، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی فیدراڵ قسەم كردوە و دڵنیایانكردمەوە، كە فەرمانیان پێ كراوە بە خەرجكردنی شایستەی جوتیارانی هەرێم”.
لەرونکردنەوەکەدا دەڵێت “لەچەند رۆژی داهاتوودا و دوای تەواوبوونی رێوشوێنی ئیداریی، دەستدەكرێت بە خەرجكردنی شایستەی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦”.
دەقی رونکردنەوەکە:
دەنگوباسێک بڵاو کراوەتەوە کە پارەی جوتیاران سەرف ناکرێت و جوتیارانی توشی دلەراوکێ کردوە، زۆر تلفونم بۆ دەکرێت و پرسیاری ئەو پروپاگەندانە دەکرێت. ئێستا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی فیدرالی قسەم کردو دڵنیایان کردمەوە کە فەرمانیان پێکراوە بەسەرفکردنی شایستەی جوتیارانی ھەرێم و لە چەند رۆژی داھاتوو دوای تەواو بوونی ئیجرائاتی ئیداری، دەست ئەکەن بە سەرفکردنی شایستەی سالانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦. ھیوادارم بەم رونکردنەوە دودڵی لای جوتیارانی بەرێز نەمێنێت و چاوەروان بن.
مسعود حیدر
ئەندام پەرلەمانی عێراق
٢٠١٧/١٢/٧
بغداد